ئاسۆ پیرانشاری
نەورۆز دەستپێک و هێمای بووژانەوەی سروشت و گۆڕانکاریی لەسەر گۆی زەوییە و دەبێتە هۆی توانەوەی بەفر و بەستەڵەک و ژیانەوە سروشت، ئەم تایبەتمەندییە بەتەنیا هی جوگرافی و سروشتی کوردستان نییە و لە بەشێکی وڵاتانی ناوچەکەش بەتایبەت ئەو بەشانەی کوێستانین ئەو مانایە زیاتر خۆی دەردەخات.
بەڵام ئەوەی گرینگە و ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردستان دەگەڵ باقی جوگرافیاکانی دیکەی جیهان، جیاواز دەکا و هەڵداوێرێ، جۆری پێشوازی و بۆنەکان و نەریتی جێژنی نەورۆز لە کوردستانە کە بە هێما و کەلتووری جیاوازەوە پەیامی ئاشتی و ئازادی و شادی بڵاو دەکاتەوە.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەموو ساڵێک لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان ڕێوڕەسمی ساڵی نوێی و نەورۆز بەتین و گوڕ بەڕێوە دەچێت بەڵام ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵەکانی پێشوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. ئەمساڵ خەڵکی کورد لەم بەشەی نیشتمان بە شێوەیەکی تایبەت و بە پەیامی جۆراوجۆریی سیاسی بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە لە قالبی خەباتی مەدەنی و شایی و هەڵپەرکێ ئەوەیان سەلماند کە، شۆرش و بەربەرەکانی تەنیا بە چەک لە گەڵ دوژمنی غەدار نییە بەڵکوو خۆشی دەڕبڕینی خەڵک بە شوناس و هێماکانییەوە بۆخۆی جۆرێک بەرخودان و ڕابوونە.
ئەوەی ئەمساڵ لە شاروئاواییەکانی کوردستان دیتمان دەستەوەستانی ڕژێمی ئاخوندی ئێران بوو کە نەیتوانی دژ بە ئەم حەشیمەتە ملیونییە خۆی ڕابگرێت، خەڵکی کوردستان بە جامانە و جلی خاکی و هەوری و شەدە وەک هێما و نیشانەی پێشمەرگە سەلماندی کە ڕێگای ئەوان درێژە پێدەدات و سەربەخۆیی و سەربەستی دەوێت.
هەروەها خەڵکی ڕۆژهەڵات سەلماندی کە چۆن لە شۆڕشی ژینادا ئاخێزگە و چەغماغەی ڕاپەڕین بوو، لە ساڵی نوێش بۆ دژ بە کۆماری ئیسلامی لە جاران ئامادەتر و خۆڕاگرترە و درێژەی ژن ژیان ئازادییە. ئەگەرچی شۆڕشی ژینا هەتا ئیستا بە ئامانجی کۆتایی خۆی نەگەیشتووە بەڵام بە کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران و دنیای دەرەوەی ئەوەی پەیامەی چرپاند کە ئەم ڕێژێمە هیچ چەشنە شەرعیەتێکی لای خەڵکەکەی خۆی نەماوە، خەڵکیش تا کۆتایی ڕێگا و لە ناوچوونی ئەو دەسەڵاتە ناوەستن.
بابەتی سەرەکی ئەم دێڕانە نەورۆزی مەشخەڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە ئەوەی دیتمان لە ساڵی نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین پەیام بوون کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین:
- تەبایی نەتەوەیی گەلی کورد
- زیندوو کردنەوەی شووناسی نەتەوەیی گەلی کورد لە گشت شار و گوندەکان
- یەکگرتوویی خەڵکی شۆرشگێڕی کوردستان
- هاودەنگ بوون و هاوتەریب بوونی گشت تاکێک بە ژن و پیاوەوە
- پاراستنی ژینگەی جوانی کوردستان لە بۆنەی سەری ساڵی نوێ
- پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی کوردستان و درێژەدانی ڕێگایان
- جامانە و جلی خاکی نیشانەی پاراستنی کلتووری کوردەواریی و هاوڕەنگ بوون لەگەل پێشمەرگەی کوردستانە
هەموو ئەو چالاکی و هێمایانە بۆ ڕژێمی دیکتاتۆری ئێران دەرخەری ئەوە بوو کە خەڵکی کوردستان بۆ وەدەست هێنانی ویست و داخوازییەکانیان چەندە یەکگرتوون و پاڵپشتی یەکترن. بەتایبەت لە ناوچەکانی هەستیاریی ئیلام و کرماشان شکۆی کوردەواریی لە دەنگی داوە و ڕژێم کە بە هەموو پیلانێک دژی کلتوور و شوناسی کورد چالاکی دەکرد، پیلانەکەی پووچەڵ بووە و گوتاری ناسیونالیستی و نەتەوەیی و شوناسخوازی بەسەر کۆنەپەرستیدا سەرکەوت.
کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات پەیامی شۆڕشی ژینای بە شێوەیەکی مەدنیانە پێشکەش کرد، ئەو پەیامەی کە ژن ژیان ئازادی دونیا تەنی و دەنگی کپ کراوی خەڵکی ئێران و کوردستانی بە دنیا گەیاند
جارێکی تر حەماسە و بەرخۆدانی خەڵکی خۆشەویستی ڕژهەڵاتی کوردستان لە بۆنەکانی نەورۆز دا بیسترا و سەلماندیان هەتا سەربەخۆیی و ئازادی هەدا نادەن.