کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دوو کۆڵبەر لە کوردستان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سەر سنوور

16:01 - 27 خاکەلێوه 2724

شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ئومید سەعیدی خەڵکی کانی درێژی دێولان و مێهرداد عەبدوڵڵازادە خەڵکی گوندی مەراغان سەر بە شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنوورەکانی کوردستان کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا شەوی ڕابردوو ئومید سەعیدی تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی کانی درێژی دێولان و دانیشتووی شاری سنە، بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنووری بەستامی شاری سەقز گیانی لەدەست دا.

هەر لەم پێوەندییەدا شەوی ڕابردوو کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی مێهرداد عەبدوڵڵازادە تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی عوسمان، خەڵکی مەراغان سەر بە شاری سەردەشت، بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سەر سنووری بەیتووشی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

مێهرداد پاش بەرکەوتنی فیشەکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، لە بەرزاییەکانی بەیتووش بەر بووەتەوە و گیانی لەدەست داوە.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادارکردنەوی پێشوو تەقەیان لەو گرووپە لە کۆڵبەران کردووە.

جێی ئاماژەیە کە بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی کوردپا، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا بە گشتی ٢٤٦٣ کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بریندار کراون.

بەپیی ئەو ئامارە زیاتر لە ٧٤ لەسەدی کۆڵبەران بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و بریندار کراون و هەروەها ٦٤ کەس لەم کۆڵبەرانە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.