ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە(١٨ی ئاوریلی ٢٠٢٤)، تەرمی تێكۆشەری دێرینی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران کاک هاشم کەریمی لە گۆڕستانی گانێسبێری شاری لەندەن و بە بەشداریی بنەماڵەی بەڕێزیان و سەدان کەس لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، چەندین کەسایەتیی نەتەوەکانی تری ئێران و لایەنە سیاسییەكان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا بەخاک ئەسپێردرا.
دوای پێشوازیکردن لە تەرمی کاک هاشم کەریمی، لەلایان بنەماڵەی بەڕێزیانەوە، هاوڕێ کاک تاهیر حاجی عەباسی بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاسەنگەرانی کۆچکردوو دەربڕی کە لە ماوەی ڕابردوودا هاوخەمیی خۆیان بە هەموو شێوەیەک دەربڕیوە و باری خەمیان لەسەر دڵی بنەمالەکەیان کەم کردووەتەوە.
دواتر خاتوو حەیات تەوەکولی پەیامێکی هاوخەمیی پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێزی کۆچکردوو کرد.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کاک کاوە مودەڕەسی بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیای حیزبەوە خوێندرایەوە.
دوای پەیامەکان دەستەگوڵی دواماڵاوایی بنەماڵەی کاک هاشم کەریمی لەسەر مەزاری نەمریان دانرا و هەروەها تاجەگوڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کۆمیتەی حیزب و بەڕێز کاک مەولوود سوارەوە پێشکەش کرا، دوایە خاتوو مەحبووبە ڕەحیمی بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەستەگوڵی پێشکەشی گڵکۆی کۆچکردوو کرد.
لە برگەیەکی تری ماڵاواییەکەدا هەموو کەسایەتییە سیاسییەکان و نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان چەپکەگوڵی خۆیان لەسەر مەزاری کاک هاشم کەریمی دانا.
هەر لەم پێوەندییەدا بڕیارە ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕ (٢٠ی ئاوریلی ٢٠٢٤) کۆڕیادێک بۆ ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی کاک هاشم کەریمی لە شاری لەندەن بەڕێوە بچێت.