کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی خاکەلێوە لە وڵاتی سویس لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی حیزب بەرز ڕاگیرا

11:36 - 15 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئیس لە شاری بیل سەر بە کانتۆنی بڕن  بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە سەر گۆڕی تەها عەتیقی کۆبوونەوە و ڕێزیان لەوە ڕۆژە گرت.

سەرەتا تاجە گوڵیینەیەک لە لایەن  بنەماڵەی ئەمیر پاشاخانی بە نۆینەرایەتی کۆمیتەی حیزب و ناوەندی کەلتووری کورد لە وڵاتی سویس و شاخە گوڵی رێزلێنان لەلایەن بەشداربووان  لە سەر گۆڕی تەها عەتیقی دانرا.

 دواتر ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان و گیانی عەلی‌خان قاسملوو برای ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو بە فەرمی دەستی پێکرد.

 دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سویس لەلایەن بەرپرسی گشتی کۆمیتەوە، خاتوو چیمن بارام میرزا خوێندرایەوە.

هەروەها پاشان عەلی سورەچۆمی وەک کوڕی شەهید و کەماڵ مەریوانی وەک نووسەری نێو قوتابخانەی دێموکرات پەخشانێکیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

 لە بەشێکی دیکەدا پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوان، ژنان و خوێندکاران لەلایەن  ڕێبوار سەردەشتی، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

دواتر پەیامی کۆمەڵێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان لەلایەن ساڵه محەممەدپوور خوێندرایەوە.

لە کۆتاییدا بە خوێندنەوەی پەخشانە شیعرێک لە لایەن ئاکۆ ئەلیاسیەوە ڕێوڕەسمەکە کۆتایی پێهات.