کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی نووسەرێکی ڤێنێزوێلایی لەسەر چۆنییەتیی تێرۆرکرانی شەهید دوکتور قاسملوو لە پاریس بەڕێوە چوو

18:03 - 2 بانەمەڕ 2724

لە ڕێوڕەسمێکدا لە وڵاتی فەرانسە پەردە لەسەر کتێبی "کوردستانی مەحاڵ، لە خەونی تەواو نەکراوەوە هەتا تێرۆرکردنی سەرکردەی کورد قاسملوو" لە نووسینی کارۆل پرەنهیوبەر، خانمە نووسەری ڤێنێزوێلایی و دۆستی لەمێژینەی شەهید دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات لادرا.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتییە فەرانسەوییەکان و کوردستانییەکانی دانیشتووی پاریس، پەردە لەسەر کتێبی"کوردستانی مەحاڵ، لە خەونی تەواونەکراوەوە هەتا تێرۆرکردنی سەرکردەی کورد قاسملوو"  لادرا.

ئەم کتێبە لە سەرەتادا بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و دواتر لەلایەن جۆزێفا بێرتۆلینۆ وەرگێردراوەتە سەر زمانی فەرانسەوی و چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

سەرەتای کۆڕەکە دوکتور کەنداڵ نەزان بەرپرسی ئەنستیۆتی کوردی پاریس خانمی نووسەر کارۆل پرەنهیوبەری بە ئامادەبووان ناساند و دواتریش خانمی نووسەر باسێکی لەسەر کتێبە نوێیەکەی کرد کە کتێبەکە لەسەر چۆنییەتیی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و بەدواداچوونێکە بۆ دۆسییەی تێرۆری ئەو ڕێبەرە شەهیدە نووسراوە.

جێی ئاماژەیە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتیش بە سەرپەرستی کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب و چەندین ئەندامی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فەرانسە لە کۆڕەکەدا بەشدار بوون.

شایانی باسە کە کۆڕەکە لەلایەن ئەنستیۆتی کوردی پاریس ڕێک خرابوو  و کۆتایی کۆڕەکە بە پرسیارکردن لە نووسەری کتێبەکە و وڵامدانەوەی لەلایەن ناوبراوەوە کۆتایی پێهات.