کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسەی کاک هاشم کەریمی لە لەندەن

18:11 - 3 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕ، (٢٠ی ئاوریلی ٢٠٢٤) ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک هاشم کەریمی لە شاری لەندەن لەلایەن بنەماڵەی کۆچکردوو بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، چەندین هەیئەتی پایەبەرزی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و نەتەوەکانی تری ئێران، دەیان چالاکوان و کەسایەتیی سیاسی کوردستانی، دۆستان و نزیکانی بنەماڵەی نەمر کەریمی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە خۆلەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان، هەروەها کاک هاشم کەریمی دەستی پێکرد و بە شێوەیەکی بەشکۆ بەم ڕیزبەندییەی خوارەوە  بەڕێوە چوو.

پەیامی ڤیدیۆیی بنەماڵەی کاک هاشم کەریمی لەلایەن کاک کەماڵ کەریمی ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامی بنەماڵەی کەریمی.

کاک خەلیل غەزەلی سیاسەتوان و دۆستی لەمێژینەی کاک هاشمی کەریمی.

کوێستان گادانی بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.

کاک حەمەدەمین مەجیدیان ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و هاوڕێی دێرینی کاک هاشم و دۆستی بنەماڵەکەی.

سلایدی شێعری تاجی خوێناویی شاعیری نەتەوەکەمان شێرکۆ بێکەس، کە لە جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی چل ساڵەی حیزبی دێموکراتدا پێشکەش بە کاک هاشم کەریمی کرابوو.

بەڕێز عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری ناوداری گەلەکەمان لە باکووری کوردستان پەیامێکی پێشکەش کرد.

پەیامی کاک عزیز ماملێ.

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن بەرپرسی دەرەوەی وڵاتی ئەم ڕێکخراوەیە.

پەیامی دەنگیی ماموستا حەسەن شێوەسەڵی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

مامۆستا عەبدە، شۆڕشگێری دێرینی باشووری کوردستان و دۆستی لە مێژینەی ڕەوانشاد کاک هاشم کەریمی پەیامێکیان هەبوو.

پرسە و سەرەخۆشی لەلایەن بەڕێز بەختیار وەیس.

پەیامی کاک شیفا بارزانی وەک نوێنەری بارەگای بارزانی و نوێنەری سەرۆک بارزانی و سەرپەرەشتیاری ڕەوەندی کوردستانی.

پەیامی چەند مامۆستای ئایینی ناوچەی بانە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک هاشم کەریمی نێردرابوو، لەلایەن دادە حەیات تەوەکولی خوێندرایەوە.

کاک عەبدوڵڵا حیجاب پێشمەرگەی دێرین و شرۆ‌ڤەکاری سیاسی و دۆستی کاک هاشم کەریمی پەیامێکی پێشکەش کرد.

پەیامی پێشڕەو نامۆ چالاکی سیاسی، بە نوێنەرایەتی کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و فەرهەنگیی باشووری کوردستان کە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.

کاک حەمەی کەماڵی دۆستی دێرینی کاک هاشم، پەیامێکی هەبوو.

دادە ئازەر یەکێک لە دۆستانی خۆشەویست و یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کاک هاشم کەریمی پەیامێکی پێشکەش کرد.

مامۆستا سەباح غاڵب نووسەر و لێکۆلەر و دۆستی نزیکی ڕەوانشاد هاشم کەریمی قسەی کرد.

پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەلایەن کاک ڕەحیم بەندوییەوە خوێندرایەوە.

لەلایەن بنەماڵەی گادانییەوە لە وڵاتی نۆروێژەوە پەیام و تاجە گوڵینە بۆ ڕێوڕەسمەکە نێردرابوو.

پەیامی ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک هاشم کەریمی بڵاو کرابووەوە و بە هۆی کەمیی کات، نەتواندرا بخوێندرێتەوە و هەروەها پایامێکی زۆر لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە بە دەستی هەیئەتی بەڕێوەبەریی کۆڕیادەکە و بنەماڵەی کەریمی گەیشتبوو.

 لە نێوان پەیامەکاندا چەندین سلاید لەسەر ژیاننامە و کەسایەتیی کۆچکردوو کاک هاشم کەریمی نیشان درا و چەندین  پارچە مووزیک و گۆرانی و پەخشان لەلایەن کۆمەڵێک لە هونەرمەندان لەوانە: جەماڵ فەتحیان، ئاوات ئەفرووز، یووسف ئەفراسیابی و خاتوو گەوهەر فەیزییەوە پێشکەش کرا.

بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە خاتوو مینا سوارە بوو کە چەند پەیامی نێردراو بۆ ڕێوڕەسمەکە و پەخشان و شێعری بۆ نێوئاخی مەراسمەکە پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

لە دوایین بەشی ڕێورەسمەکەدا کاک گۆران کەریمی بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەکەی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و سپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەشداربوانی کۆریادەکە دەربڕی.

ئەم ڕێوڕەسمە لەلایان بنەماڵەی کاک هاشم کەریمی لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی هوتێل هیڵتۆنی شاری لەندەن پێک هێنرابوو.

جێگای ئاماژەیە ئەندامان و کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا، بە شێوەیەکی بەر چاو و چالاکانە بەشدارییان لەم ڕێوڕەسمەدا کرد.