کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر بووە

17:06 - 5 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەڕ ڕاپۆڕتی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کردەوە.

ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆڕتەکەیدا هێناویەتی کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە توندوتیژیی نایاسایی و دادگایکردنی نادادپەروەرانەی چالاکان، ڕۆژنامەوانان و دژبەران کەڵکیان وەرگرتووە و سەرکوتی هەر چەشنە ئازادییەکی سیاسییان کردووە.

ڕاپۆڕتەکەدا باس لەوە دەکات کە دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین خراپتر لە هەموو کات بووە و سەرکوتی ژنان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان چڕتر بووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە ئەو ژنان و کچانەی کە ناچنە ژێر باری حیجابی زۆرەملێوە، بەرەوڕووی توندوتیژی و هەڵاواردنی زیاتر و هەروەها دەسبەسەرکران، ئازار، ئەشکەنجە و کوشتن دەبنەوە.

ئەم ڕێکخراوە زیادی دەکات، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجە و هەموو هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەکانی دیکە، چالاکانی سیاسی، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزییەکانەوە بەتوندی سەرکوت دەکات و دەیانخاتە ژێر گوشارەوە.

ئەم ڕێکخراوە بە ئاماژەدان بەوەی کە هەڵاواردن و توندوتیژی بەنیسبەتی کەمینەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە شێویەکی سیستێماتیک بەڕێوە دەچێت، ڕایگەیاندووە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی کەڵک وەردەگرن کە زۆرینەی لەسێدارەدانەکان نادادپەروەرانە حوکم دراون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکەدا باس لە پێشێلکردنی سنووری تاکەکەسی و سانسۆر کراوە و هاتووە کە کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە بە پارازیت ناردن بۆ سەر کاناڵەکان و فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەی لە خەڵک گرتووە تاکوو دەستیان بە ئینتێرنێتی ئازاد و جیهانی بگات و لەلایەکی دیکەشەوە بە گەڵاڵەی "سیانەت لە بەکارهێنەرانی فەزای مەجازی" پێشێلی سنووری کەسایەتییەکان و ئازادیی ڕادەربڕینی خەڵک دەکات.

 

 

ئەم ڕاپۆڕتە لەکاتێکدایە کە هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ بڵاو کردووەتەوە و باسی لە بەرفراوانتربوونی پێشێلییەکانی مافی مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا لە ئێران کردووە.