ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ(٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢٤)، خۆپیشاندانێک لە ناوەندی شاری ڤانکۆوێری کانادا و بە مەبەستی پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەریوی ئێران و شەرمەزارکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی بەڕێوە چوو.
هەڵوەشاندنەوەی سزای ناڕەوای لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی و ڕەزا ڕەسایی و هونەرمەندان و چالاکانی سیاسی، بە تێرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، و دەرکرانی نوێنەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەند و بنکە نێونەتەوەییەکان، بەشێک لە داوا و ویستی ئامادەبوانی ئەو خۆپیشاندانە بوو.
بەڕێز جۆناتان ویلکینسۆن ئەندامی پارلەمان و وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکان، کە ئەرکی وەکاڵەتی تووماج ساڵحی وە ئەستۆ گرتوە، لە پەیامێکدا ناڕەزایی توندی خۆی و دەوڵەتی کانادای ڕاگەیاند و بەڵینی دابوو لە هەوڵەکانی بەردەوام بێ.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمە، هەر یەک لە هاوڕێیان کەیۆمەرس بەیگی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، سۆهراب کەریمی، بەرپرسی ڕێکخستن و ڕەسووڵ سوڵتانی ئەندامی حیزب، پەیام و وتاریان پێشکەشی ئامادەبووان کرد و وێڕای دژایەتی لەگەڵ سزای ئێعدام، باسیان لە سەرکوت و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە دژی گەلی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران کرد چون تەنیا ڕێگای لەناوبردنی ئەو ڕێژیمە نگریسە و دواڕۆژێکی ڕوون بۆ ئێران یەکیەتیی گەلانی ئيران لەسەر ئەساسی ڕێزگرتن، دێموکراسی و مافی نەتەوایەتییە.
شایانی باسە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئيران- ڕۆژاوای کانادا وەک ئەندام لە کۆمیتەی بەڕێوەبەری، لە ڕێکخستن و ئامادەکاری و بەڕێوەبەردنی ئەو خۆپیشاندانە دەوری سەرەکیی هەبوو و بەشداریی بەربڵاوی هاوڵاتییان و ئەندامان و دۆستانی حیزب بە ئاڵای کوردستان و هێما نەتەوەییەکان بەرچاو جێگای ڕێز بوو.