کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ماوەی یەک ساڵدا لە کوردستان زیاتر لە ١٢٠ کەسی لە سێدارە داوە

14:26 - 16 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خاکەلێوە  تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە پیشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاو کردەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە کە لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویدا مافی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە لە هەموو بوارێکدا زیاتر لە ڕابردوو پێشێل کراوە.

ڕاپۆتەکە کۆکراوەیەکە لە هەموو بانگکران و دەسبەسەرکران و حوکمدران بە دژی چالاکانی سیاسی، لەسێدارەدانەکان، کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران، کوشتنە سەروویاساییەکان، ژنکوژی، کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییان بە هۆی تەقینەوەی مین، ئازادیی ئایین و باوەڕ و گوشار خستنەسەر بنەماڵە دادخوازەکان.

بەپیی ئەم ڕاپۆڕتە لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویدا ١٢١ حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیم جێبەجێ کراوە.

هەروەها لەم ساڵەدا ١٤ هاووڵاتیی کورد بە دەستی هێزەکانی پۆلیس و سپای پاسداران و حیجاببانەکان لە پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان، ورمێ، تاران و ئەلبۆرز کوژراون.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات کراوە و هاتووە کە سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی، عادڵ موهاجر و سیامەند شابۆیی و هەروەها شوعەیب زارعی ئەندامەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، وەک دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات تێرۆر کراون.

ڕاپۆڕتەکە زیادی کردووە کە ڕێژیم لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویدا لانیکەم ٦٥٠ هاووڵاتی و چالاکی کوردی لە ئێران دەسبەسەر کردووە کە زیاترین ڕێژە لە پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان، کرماشان و ئیلام بووە و ژمارەیەک لەو کەسانە تاکوو ئێستاش لە بەندیخانەکاندا ماونەتەوە.

سەبارەت بە حوکمە نادادپەروەرانەکانی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم هاتووە کە "لە ساڵی ڕابردوودا دادگاکانی ڕێژیم لە چوار پارێزگای کوردستان لانیکەم ١٧٠ هاووڵاتی و چالاکی کوردیان بە لەسێدارەدان، بەندکران، لێدانی قامچی، دوورخستنەوە لە زێد، وەرگرتنەوەی جلی ئایینی، هەڵپەساردن لە کار و قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات مەحکووم کردووە".

 

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ماوەی ساڵی ١٤٠٢دا لانیکەم ٣٩ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە کە ٢٧ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ڕێژیم کوژراون کە یەک کەسیشیان منداڵ بووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکەیدا هێناویەتی کە لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٦ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیم لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و هەروەها ٤ بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی ورمێ بە هۆی بێبەشکران لە چاوەدێریی پزیشکی یان خۆکوژی بەهۆی گوشارەکانەوە گیانی خۆیان لەدەست داوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ڕاپۆڕتەکەیدا جەختی کردووەتە کە ئەم ئامارە بریتییە لەو حاڵەتانەی کە لەلایەن ئەم ڕێکخراوەیەوە یان لایەنەکانی دیکەوە پشتڕاست کراوەتەوە و هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران لەخۆ ناگرێت.