ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوە(٣٠ی مارسی ٢٠٢٤)، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە شاری کاڵمار ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزب بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بیدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
هاوڕێ سەلاح دڵئاشووب ئەندامی کۆمیتەی کاڵمار، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان ڕیزی بەرنامەکانی ڕاگەیاند و بە خوێندنەوەی بەندەکانی وەسیەتنامەی شەهید پێشەوا سەرنجی بەشداربووانی ڕاکێشا.
پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوید بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لەلایەن بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی کاڵمار خاتوو ڕەحمە دانشوەرەوە پێشکەش کرا.
هاوڕێ عادل دوودکانلوو برای شەهید محەممەد دوودکانلوو پەیامێکی کورتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا هاوڕێ ناسر ئەشرەفی وتەیەکی لەسەر ١٠ خاکەلێوە و ڕۆڵی زۆر بەرزی شەهید پێشەوا لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتدا پێشکەش کرد. کاک ناسر لە وتەکەیدا باسی لە ڕۆڵ و کەسایەتیی پێشەوای نەمر لە بزووتنەوەی کوردستان و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتدا کرد.
کاک ناسر لە درێژەدا باسی لە گیانفیدایی و خۆبەختکردنی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و نەخشی ئەوان لە ناساندنی دوزی کورد لە ناوچەکە و جیهان کرد.
بەشێکی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ بەشداریی هاوڕێیان بە گێڕانەوەی بیرەوەری یان دەربڕینی بیروبۆچوون لەسەر شەهید و شۆڕش.