کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بە بۆنەی ڕۆژی شەھیدانی کوردستان لە وڵاتی دانمارک

11:37 - 19 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە (٦ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و بە ھاوکاری کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، سێمینارێک لە ناوچەی شیلەند بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لەلایەن حەمید موختارییەوە دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لەلایەن سامرەند فەیزییەوە، پێشکەش کرا. ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە جێگرکردنی کۆمەڵێک بەها و بایەخی نەتەوەیی و نیشتمانی لە کوردستاندا، کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا پەیامی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، لەلایەن خاتوو مونیرە ساجێدنیا، پێشکەش کرا.  ناوبراو بەردەوامبوون و شێلگیربوونی ڕۆڵەکانی کوردستانی لە خەباتی نەتەوایەتیدا، پیشاندەری ڕەوابوونی ویستی نەتەوەیی گەلی کورد و ڕاستیی ڕێبازی پێشەوای مەزن ناو برد.

دواتر باسێک لەژێر ناوی" ڕێزگرتن لە شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە و هەموو شەهیدانی کوردستان، هەروەها بارودۆخی ئەمڕۆی بزووتنەوەی کورد" لەلایەن سلێمان کەڵەشییەوە پێشکەش کرا.

کەڵەشی لە باسەکەیدا وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، یەکگرتوویی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی  بە تایبەتی لە نەورۆزی "مەشخەڵانی ڕزگاری"دا، بە پەیامێکی جیددی بۆ هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند کە پێویست دەکات پلان و بەرنامەیەکی هەمەلایەنەیان بۆ دەستپێکی قۆناخی نوێی خەبات هەبێت.

لە بڕگەیەکی دیکەدا باسێک لەژێر ناوی" پێویستیی بەڕۆژکردنی پلانی کار لە دەرەوەی وڵات" لەلایەن ئالان بەهرامییەوە پێشکەش کرا.

بەهرامی لە باسەکەیدا بە پێویستی زانی کە وێڕای خەسارناسییەکی بنەڕەتی لە کارکردی هێزە سیاسییەکانی کورد لە تاراوگە و کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕۆژاوایی، ڕێگای بەشداری بۆ کوردانی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون لە بوارە جۆراجۆرەکانی کاری ڕێکخستندا بۆ کوردانی تاراوگە نشین هەموار بکرێت.

لە بڕگەی کۆتایی سێمینارەکەدا، وڵامی سەرنج و پرسیاری  بەشداربووان درایەوە.