کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسی "پێکەوە هەنگاونان بەرەو کۆمارێکی سیکۆلار دێموکرات لە ئێراندا" لە وڵاتی ئاڵمان

10:45 - 20 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە(٦ی ئاوریلی ٢٠٢٤) هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی بەڕێز "کاک خالید عەزیزی" وتەبێژی حیزبی دێموکرات، بەشدارییان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە دۆخی ئێستا و داهاتووی ئێران کرد کە لەلایەن پلاتفۆرمی "پێکەوە هەنگاونان بەرەو کۆمارێکی سیکۆلار دێموکرات لە ئێراندا " و لە وڵاتی ئاڵمان پێکهاتبوو.

لەو کۆنفرانسە کە لە دوو پانێلی جیاوازدا بەڕێوە چوو، لەلایەن نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان، کەسایەتیی ئاکادێمیک و چالاکانی سیاسی و فەرهەنگییەوە ئاوڕ لە کۆمەڵێک تەوەری پەیوەندیدار بە دۆخی ئێستا و داهاتووی ئێران درایەوە کە بەگشتی هەڵگری کۆمەڵێک بابەتی وەکوو: دەستنیشانکردنی کێشە و هۆکارەکانی ئەو کێشانە کە لە ئێراندا بوونیان هەیە، ڕێکاری چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و چۆنیەتیی پێکهێنانی ئاڵترناتیڤ بۆ دوای ڕووخانی ڕێژیم، داننان بە واقعی کۆمەڵگای ئێران و ڕێزگرتن و قەبووڵکردنی مافی نەتەوەکان لە ڕاستای جێگیرکردنی دێموکراسی لە داهاتووی ئێران و ... بوون.

لە پانێلی یەکەمی ئەو کۆنفرانسەدا بەڕێز "کاک خالید عەزیزی" وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتەکانی خۆی بە ئاوڕدانەوە لە ئاڵوگۆڕەکانی پێش شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" تا ئێستای ئێران کە توانیویەتی بۆشایی نیوان خەڵک و دەسەڵات بە تەواوی دەربخات دەست پێ کرد و پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە لەگەڵ ئەوەی وشیاریی سیاسیی خەڵک و لە مەیداندابوونی خەڵک گرینگیی خۆی هەیە، بەڵام ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی داهاتوویەکی ئازاد و دێموکراتیک کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و.. دەستەبەر بێت، بە بێ ڕۆڵ و یەکگرتوویی و یەکتر قەبوڵکردنی ئۆپۆزسیۆن و پێکهێنانی

ئاڵتەرناتیڤ و بەدیلێکی ڕوون، ئەگەر نەڵێین مەحاڵە، لانیکەم دەتوانین بڵێین کارێکی ئەستەم دەبێت.

بەڕێز عەزیزی لەبەشێکی تری قسەکانیدا وێڕای پێداگری لەسەر فرەنەتەوەیی بوونی کۆمەڵگای ئێران، سیاسەتی ڕوونی حیزبی دێموکراتی سەبارەت بە جێگیربوونی ماف و ئازادییەکانی ئەو نەتەوانە بە یەکسانی کرد و دامەزراندنی سیستەمێکی "دێموکراتیکی-فێدراڵ"ی کە لە ئێستادا وەک دروشمی سەرەکیی حیزبی دێموکرات دیاری کراوە، بە ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و هەڵاواردن و پەراوێزخستنی نەتەوەکانی تری غەیرە فارس، کە مێژووی دورودرێژی لە دەسەڵاتداریەتی ئێراندا هەیە، ناو برد.

خالید عەزیزی هەر لەو پەیوەندییەدا باسی لەوە کرد کە ئەو فێدراڵیزمەی کە حیزبی دێموکرات بۆ داهاتووی ئێرانی بە گونجاو دەزانێت، تەنیا تایبەت بە نەتەوەی کورد یان بەلووچ نابێت، بەڵکوو سەرجەم نەتەوەکانی پێکهێنەرەی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە، بەو واتایە کە ئەو کێشەیەی لە ئێراندا بوونی هەیە، کێشەی نێوان ناوەند و پەراوێزە. ناوەند وەک دەسەڵات کە بە گرتنەبەری سیاسەتێکی هەڵە نەک هەر هەوڵی ئەوەی داوە نەتەوەکانی تری غەیرە فارس کە بەشێکی ئەساسی پێکهێنەری ئەو وڵاتەن سەرکوت بکات، بەڵکوو خواست و داوا ڕەواکانی ئەوانی بە سەرکوتی سیستماتیک خستۆتە پەراوێز و سیاسەتی نکۆڵیکردن لە شوناس و ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەوانی گرتۆتە بەر. ئەو سیاسەتی سەرکوتە دژ بە بەشێکی زۆر لە نەتەوەکانی پێکهێنەرەی ئێران لایەنی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و زمانەوانی و ... هەبووە، هەر بۆیە پێداگریکردن لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ نەتەوەکانی غەیرە فارس و جێگرکردنی ئەو مافە لە سیستەمی پەروەردەدا لەبەرچاوگرتنی یەکێک لە ئەسەڵە سەرەکییەکانی جاڕنامەی جیهانیی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤە و شوێندانەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشانەوەی ئاستی خوێندەواریی تاکی سەر بە نەتەوە جیاجیاکانی ئێران دەبێت.

سەبارەت بە داهاتووی ئێران، کاک خالید عەزیزی باسی لەوە کرد کە سیستمی سیاسیی ئێرانی داهاتوو لەسەر ئەساسی "یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە" بنیاد نانرێت و پێویستە وێڕای داننان بە واقعی فرەنەتەوەبوونی ئێران، دەسەڵاتی سیاسی نەک هەر لە ناوەند قەتیس نەکرێت، بەڵکوو ئەو دەسەڵاتە سیاسییە بەسەر تەواوی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەو وڵاتەدا دابەش بکرێت و هەمووان ڕۆڵیان لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا کاک خالید عەزیزی بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە کوردستانی ئێران، باسی لەوە کرد کە کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد هەموو کات پشتیوانی بزووتنەوەی دێموکراتیک و دێموکراسیخوازی سەراسەری ئێران بووە، ئەوەش سەلمێنەری ئەو واقعەیە کە دەستەبەربوونی مافی نەتەوەکانی وەک کورد و نەتەوەکانی تر نەک هەر نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی و مافی نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، بەڵکوو دەتوانێ ببێتە دەرفەت و فاکتەرێکی بەهێز بۆ یەکگرتوویی و سەقامگیریی دێموکراسی لە ئێراندا. هەر بۆیە داواکاریی حیزبی ئێمە واتا "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی سەر بە نەتەوە جیاجیاکانی ئێران و بەتایبەت هەر دوو نەتەوەی فارس و ئازەری ئەوەیە کە وێڕای قەبوڵکردنی "فێدراڵیزم" وەک بەدیل بۆ سیستەمی سیاسیی داهاتووی ئێران، پشتیوان و یارمەتیدەر بن بۆ تەکمیلکردنی ئەو پرۆژەیە کە لە ڕاستای ئازادی هەموو لایەکدایە.

باسەکانی بەڕێز "کاک خالید عەزیزی" وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"،  وێرای پێشوازی گەرم لەلایەن بەشدارنی کۆنفراسەکە، بە پرسیاری بەشێک لە نوێنەرانی ئەحزابی سیاسیی ئێرانی، کەسایەتیی ئاکادێمیک و چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی کۆتایی پێهات.

پلاتفۆڕمی "پێکەوە هەنگاونان بەروە کۆمارێکی سیکۆلار دێموکرات لە ئێران" لە پێنج لایەنی ئێرانی لەوانە، بەرەی نەتەوەیی ئێران ڕێکخراوەکانی دەرەوەی وڵات، بەرەی نەتەوەیی ئێران _ ئورووپا، هاوپەیمانیی کۆماریخوازەکانی ئێران، بەرەیە یەکگرتووی کۆماریخوازەکانی ئێران، حیزبی چەپی ئێران، پێک هاتووە.