کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێلژیک/ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە بەردەم بنکەی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی

12:05 - 23 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ (١١ی ١٠ـەی مای ٢٠٢٤)، لە برووکسێلی پێتەختی وڵاتی بێلژیک خۆپێشاندانێک لە بەردەم مۆڵگەی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی مەحکوومکردنی حوکمی نادادپەروەرانەی لەسێدارەدان لە ئێران بەگشتی و سزای لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی بەتایبەتی و هەموو شۆڕشگێڕانی کورد و ئێرانیی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیم و لەقاودانی هەرچی زیاتری جینایەت و دڕەندەیی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو. 

کۆمیتەی بێلژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە(الوحدە)، کۆماریخوازانی سێکۆلار دێموکرات (لقی بێلژیک)، کۆمیتەی ژن، ژیان، ئازادی (لقی بێلژیک)، کۆمیتەی ژنانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی چەپی ئێران لەم خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون.

سەرەتای گردبوونەوەکە بە پەیامی کۆمیتەی بێلژیکی حیزبی دێموکرات کە لەلایەن "مامۆستا بەها ئیبراهیمی"یەوە پێشکەش کرا دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کرد و پاشان پەیامی هێز و لایەنەکانی بەشدار بە زمانی کوردی و فارسی پێشکەشی بەشداربووان کرا.

لە گردبوونەوەکەدا سروودی شۆڕشگێڕانە و دروشم وترانەوە و ئامادەبووان بێزاریی خۆیان لە دەسەڵاتی کۆماری ئێسلامی دەربڕی.