کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٩ـەهەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی نەتەوە بێدەوڵەتەکان بەڕێوە چوو

11:35 - 24 بانەمەڕ 2724

ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٢ و ٢٣ی بانەمەڕ(١١-١٢ی مەی )٢٠٢٤، لە وڵاتی ئاڵمان، ١٩ـەهەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان(UNPO)، بە بەشداریی د.عەلی عەبدیلزادە، نوێنەری حیزب لەم ڕێکخراوەیە، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

ڕۆژی یەکەمی گۆنگرە بە وتەکانی ئەدنا ئیسمایل، سەڕۆکی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

دوابەدوای وەرگرتنی مەشروعییەت بۆ کۆنگرە و پەسەندکردنی ڕیزبەندی کاری کۆنگرە، ئەندامانی نوێ بە ڕەسمی وەک ئەندام لەلایەن کۆنگرەوە دەنگیان بۆ وەرگیرا. 

بەشێکی تری کاری کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ باس و تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی ماڵی و ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکان کە لەلایەن سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانەوە پێشکەش کرا.

دوای باس و هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکان لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە، ڕاپۆرتەکان بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کران. 

بەشی کۆتایی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ باس و ناساندنی چەندین کەمپەینی جیاواز کە ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە ساڵانی داهاتوودا کاریان لەسەر دەکا. 

بڕگەیەکی ڕۆژی دووهەمی کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک، جێگری سەرۆک و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی. ڕۆبینا گرینوود وەک سەرۆکی نوێی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان هەڵبژێردرا. شایەنی باسە د.عەلی عەبدیلزادە لەلایەن کۆنگرەوە بە زۆرینەی دەنگ دووبارە وەک ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردراوە.

بەشی کۆتایی کۆنگرەکە تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر ڕەوشی سیاسیی نەتەوەکانی ئەندام و پەسەندکردنی بڕیارنامەکان.

د.عەلی عەبدیلزادە لە وتەکانیدا بۆ کۆنگرە ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا لە ساڵی  ٢٠٢٣ لە چاو ساڵانی ڕابردوو لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا بووە. ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی کرد کە بە پشتبەستن بە ئەزمونی زیاتر لە ٤٠ ساڵ خەباتمان لە دژی دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەزانین بەبێ ئازادی و دێموکراسی و سیستەمێکی فیدراڵی کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی ئێران بێت، ناتوانرێت ئاشتی لە نێوخۆی وڵاتدا یان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەدی بهێنرێت، و ئێران ناتوانێ پەیوەندیی باشی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.

بەشی کۆتایی کۆنگرە بۆ باس و پەسەندکردنی بڕیارنامەکانی کۆنگرە تەرخان کرابوو. لەسەر پێشنیار و ڕەشنووسێکی ئامادەکراوی هەیئەتی حیزبی دێموکرات، کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان بڕیارنامەیەکی تایبەت بە ڕەوشی نەتەوەکانی ئێران، بەتایبەتی لەسەر کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پەسەند کرد.

لە بەشێک لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە کە کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان پشتیوانیی بەردەوامی خۆی بۆ خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوای بەلووچستان، باشووری ئازەربایجان و ئەهواز دەردەبڕێ بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس، دێموکراسی، ئازادی و مافی نەتەوایەتی تێدەکۆشێ.

لە درێژەی بڕیارنەمەکەدا هاتووە کە کۆنگرە لەسێدارەدانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی کە بوێرانە دژی نادادپەروەری و بۆ ئازادییە بنەڕەتییەکان دەدوێن، بە توندی شەرمەزار دەکات. 

لە بەشێکی تری بریارنامەکەدا هاتووە کە کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات کە دەستبەجێ و بە بێ مەرج هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، زیندانییان و ڕۆژنامەنووسان کە تەنیا بەهۆی بەکارهێنانی مافە بنەڕەتییەکانیان بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتیانە زیندانی کراون و سزا دراون، ئازاد بکەن.

کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ دەوڵەتەکان دوای دوو ڕۆژ کاری بەردەوام دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە بە سەرکەوتووی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.