کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی بەندکراوێکی کورد بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج

10:44 - 25 بانەمەڕ 2724

بەندکراوێکی کورد بە ناوی کیانووش وەلەدبەیگی کە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج ڕاگیرابوو، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو، بەندکراوێکی کورد و خەڵکی گوندی نۆریاو سەر بە شاری پاوە بە ناوی کیانووش وەلەدبەیگی تەمەن٣٥ ساڵ، لە کاتێکدا حەوتەمین ساڵ لە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج تێدەپەڕاند، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار  کیانووش وەلەدبەیگی لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوو بەهۆی نەخۆشیی گورچیلە و نەخۆشیی دڵ ئازاری دەکێشا و بەرپرسانی بەندیخانەکە لە پێدانی ئیزنی مرەخەسیی دەرمانی بە ناوبراو ڕێگرییان کردووە.

لەمبارەوە سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی وەلەدبەیگی  ڕاگەیاندووە: ''کیانووش وەلەدبەیگی ٧ ساڵی پێش لە شیراز بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەسبەسەر و سزای ١٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو. ناوبراو نزیکەی دوو ساڵ پێش لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز بۆ بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج گواسترابووە.''

لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤، لانیکەم ١٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە ٨ کەس لەوانە کورد بوون.