کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار هاووڵاتیی کورد سزای ١٧ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

10:54 - 26 بانەمەڕ 2724

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سلێمان سالک، عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە پیرانشار، سەرجەم سزای ١٧ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سولێمان سالک خەڵکی مەهاباد، ئاکام خزرزادە خەڵکی گوندی کانی بداغ سەر بە شاری پیرانشار، عوسمان دڵسۆز و هەژار دڵسۆز خەڵکی گوندی "زێوکە" سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی  پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەجید ئەمیرمحەممەدی" لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا سەرجەم بە ١٧ ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا دران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاندووە کە دادگا ئەم چوار هاووڵاتییەی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی ڕاگرتنی چەک تۆمەتبار کردووە و بەپێی سزای دەرکراو، سلێمان سالک بە ١٠ ساڵ بەندکران و هەرکام لەو سێ هاووڵاتییەکەی تر بە ٢ ساڵ بەندکران سزا دراون.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سلێمان سالک بانگی لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پیرانشار کراوە و سزای یەک ساڵ بەندکرانیش بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەسەر ناوبراودا سەپاوە.

سلێمان سالک ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ و عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە  ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی هەمان ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.