کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان

11:08 - 27 بانەمەڕ 2724

مستەفا قازیزادە، بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، دیدارێکی ئانلاینی لەگەڵ کریستیان کرێمێر، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان پێک هێنا.

مستەفا قازیزادە لەو دیدارەدا باسی ڕۆڵی سەرەکی حیزبە کوردییەکانی لە شۆڕشی ژینا شی کردەوە و هەروەها ئاماژەی مووشەکبارانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ و هەڕەشەی بەردەوامی ڕێژیمی ئێران بۆسەر ئەو حیزبانە و هەرێمی کوردستانی کرد.

مستەفا قازیزادە باسی شەپۆلی نوێی سەرکوت و گرتن و نیشتمانپەروەرانی کورد بە تایبەتی لە دوای بەڕێوەچوونی جەماوەریی جێژنی نەورۆزی ئەوساڵ کرد.

لەو دیدارەدا باسی دۆخی ئێستای ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە تایبەتی هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو کرا.

لەو دیدارەدا ڕۆڵی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ڕۆژاواش خرایە بەرباس و جەخت لە سەر ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی کرا.

مستەفا قازیزادە ئاماژەی بە هەڵسوکەوتی سیخوڕانی ئێران و دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ئەو ڕێژیمە لە ئاڵمان کرد و باسی کارەساتی میکۆنووس وەک دەسپێکی ئەو دیاردەیە کرد.

لە کۆتاییدا بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دیموکرات دوای لە کریستیان کرێمێر کە پێوەندییەکانی لەگەڵ نوێنەرانی ئەو حیزبە لە پارلمانی ئاڵمان لەسەر پرسی ئێران بەرفراونتر بکات.