کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی پێوەندییەکانی حیزب لە سیمینارێکی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئوتریش

10:37 - 29 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕ (١٦ی مەی ٢٠٢٤)، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئاکادێمیای پەروەردەی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئۆتریش لە شاری ڤییەن، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە سێمینارێکی ئەو حیزبەدا کرد کە بۆ ئێڤەلین ڕێگنەر جێگری سەرۆکی پارلەمانی ئوروپا گیرابوو.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە مونیرە نێگەهدار بەرپرسی کۆمیتەی حیزب و محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب لە وڵاتی ئۆتریش توانییان لە نزیکەوە لەگەڵ ئێڤەلین ڕێگنەر و چەندین کەسی دیکەی بەشداری ئەم سێمینارە سیاسییە پەیوەندی بگرن و لە نزیکەوە لەسەر پرسی کورد و حیزبی دێموکرات قسەیان لەگەڵ بکەن.

ئێڤەلین ڕێگنەر باسی لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی پارلەمانی ئورووپا کرد و  ڕایگەیاند کە پارلەمانی ئورووپا لەگەڵ ئەوەی کە ئینستیتوتێکی دیمۆکراتیکە، بەڵام هێشتا کەموکۆڕیی هەیە و دەبێ لەسەر ئەو کەموکۆرییانەی زیاتر کار بکرێت.

لە بەشی کوردستان و ئێراندا، ڕێگنەر وتی ئێمە وەک پارلەمانی ئورووپا و بەتایبەتی سۆسیال دیمۆکراتەکان هەموو هەوڵمان ئەوەیە کە پشتیوانی کورد بین، لەسەر ئێران وتی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران هەوڵی زۆرمان داوە کە سپای پاسدارانی ئێران بخرێتە نێو لیستی تێرۆر لە ئورووپا، کە بەداخەوە تا ئێستاش سەرکەوتوو نەبووین، بەڵام بەدڵنیایەوە ئێمە لە پشتیوانی لە کوردەکان و شۆڕشی ئێران هەر بەردەوام دەبین.

بەشی پەیوەندییەکانی حیزب چەند خاڵێکی خستە ڕوو کە وڵامی بەشێکیان هەر لەوێ درایەوە.

لە ڕۆژی دوای کۆبوونەوەکەدا ئێڤەلین ڕێگنەر بە ناردنی ئیمەیلێک لە پێوەندی لەگەڵ بەشداریی و چالاکبوونی بەشی پەیوەندییەکانی حیزب سپاسی خۆی بە کۆمیتەی حیزب گەیاند و داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ نوێنەرایەتی حیزب لە وڵاتی ئوتریش کرد.