ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ (١١ی مەی ٢٠٢٤)، خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسی و هەروەها خەباتگێڕانی نێوخۆ لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە شاری هامبۆرگ بەڕێوە چوو.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ناوچەیە بەشداریی خۆپیشاندانەکەیان کرد.
خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان کاک ئازاد ئەحمەدی پەیامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی کوردی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.لە پەیامەکەدا بە لەبەرچاوگرتنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسی و خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێران دووپات کرایەوە.
هاوڕێ ناسێح موهاجر پەیامی بەشی فارسیی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە. موهاجر لە پەیامەکەدا گەندەڵی و ستەم و کاولکاری و ئاژاوەگێڕیی کۆماری ئیسلامیی بە پێناسەی ئەو ڕێژیمە ناو برد.
پاشان کاک شەهریار نەقشبەندی وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەڕێز نەقشبەندی لە قسەکانیدا باسی ئەزموونی خەباتی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دژی داگیرکەران کرد.
کاک محەمەد تاهۆ و کاک ڕافا سەرڕووت چەند سروودی نیشتمانییان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
خاتوو ڕووناک سەرحەدی لە بڕگەکانی خۆپیشاندانەکەدا چەندین دروشمی بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئاڵمانی بەرز کردەوە کە بەشداربووان دوبارەیان کردەوە.
خۆپیشاندانەکە بە وتنەوەی تێکڕای سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی هات.