کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەڕێوەچوونی سێمینارێكی سیاسی لەسەر دۆخی كوردستان و ئێران

12:58 - 30 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ(١١ی مەی ٢٠٢٤) کۆمیتە ناوچەی بێرلینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی سیاسیی بۆ بەڕێز کاک سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان پێک هێنا.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خۆلەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و دواتر هەر یەک لە بەڕێزان کاک کامبیز سەلیمی بەرپرسی کۆمیتە ناوچە و کاک فایەق ئەمینی بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتە ناوچەی بێرلین بەخێرهاتنی ئەندامان و لایەنگران و میوانانی بانگهێشتکراو بۆ سێمینارەکەیان کرد و داوایان لە بەڕێز کاک سوڵتان گوڵاوی کرد کە باسەکەی خۆی پێشکەش بکات .

کاک سوڵتان گوڵاوی لە دەسپێکدا بەخێرهاتنی هەموو ئەندامان و لایەنگران و میوانەکانی کرد و لەسەر بابەتەکانی وەک خاک و کورد وەک نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، کێشەی دێموکراسی لە ئێران، دەسەڵاتی تاکەکەسی و بیری ناوەندگەرایی لە ئێران، ئێرانی فرەنەتەوە، کێشە و قەیرانی ئابووری لە ئێران، حکوومەتی ئێستای ئێران، دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و ساپۆرتی تێرۆریسم و بەرنامەی حیزب بۆ داهاتووی ئێران باسێکی پێشکەش کرد .

لە کۆتایی سێمینارەکەدا کاک سوڵتان وڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.