کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ئەندامێکی بنەماڵە مافخوازەکان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری قووچان

12:31 - 1 جۆزەردان 2724

هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی بەرپرسان و دامودەزگاکانی ڕێژیم لە هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانێک کە سەبارەت بە کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی بابەتگەلی دژی سەلیقەی ڕێژیم بڵاو دەکەنەوە، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی قووچان کە ئەندامی یەکێک لە بنەماڵە مافخوازەکانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ، ڕەزا بەبرنژاد، برای "مێهدی بەبرنژاد"، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شاری قۆوچان، بە هۆی بڵاوکردنەوە ستۆرێەک لە ئینستاگرام سەبارەت بە مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

"کوردپا" ئاماژەی بەوەدا کە هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە.

مێهدی بەبرنژاد، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری قووچان، لە ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، لە کاتی شۆڕشی ژینا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید بوو.

شایانی باسە کە دادستانی گشتیی ڕێژیم و پۆلیسی فەتا دوای دەڕبرینی شادی و خۆشیی خەڵکی کوردستان و ئێران، هەڕەشەی هەڵسوکەوتی توندیان لەگەڵ ئەو کەسانە کرد کە بە "تێکدەرانی ئەمنییەتی ڕەوانی کۆمەڵگا'' ناویان بردوون.