لە درێژەی بانگکردن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا، ٥ چالاکی میدیایی خەڵکی شنۆ و بەڕێوبەری پەیجی"شنۆیەکەم" لە ئینستاگرام دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەم شارە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، ڕۆژی دووشەممە ٣١ بانەمەڕ، پێنج کەس لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەڕێوەبەرەکانی لاپەڕەی ئینستاگرامیی شنۆیەکەم بە ناوەکانی هەژار مەحموودی، وێنەگر و ڕیپۆرتەری خەڵکی پیرانشار، بەڕێوەبەری سەرەکیی لاپەڕەکە، دڵشاد شاداب وێنەگر و مۆنتێر، باست قادرزادە و زاهێر حاجیپوور، بێژەر، سەمیع ئەحمەدی ئەقدەم وانەبێژی زمانی کوردی و هەر چوار کەسیان خەڵکی شنۆ دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەستیان بەسەر مۆبایل و لەپتابەکانی ئەم کەسانەدا گرتووە و هەروەها پەیجی ئینستاگرامی "شنۆیەکەم''یان لەکار خستووە و بەردەست نییە.
جێی ئاماژەیە چەند پۆستێکی ئەم لاپەڕە ئینستاگرامییە کە تایبەت بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بووە بە گوشار و هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم سڕدراوەتەوە.