کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. عەلی عەبدیلزادە: حیزبی دێموکرات لە یو.ئێن.پی.ئۆ نەک هەر نوێنەرایەتیی خۆی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بگرە نوێنەرایەتیی هەموو کورد دەکات

18:39 - 1 جۆزەردان 2724

د. عەلی عەبدیلزادە: حیزبی دێموکرات لە یو.ئێن.پی.ئۆ نەک هەر نوێنەرایەتیی خۆی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بگرە نوێنەرایەتیی هەموو کورد دەکات

 

دیمانە: ئاسۆ مینبەری

ئاماژە: ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٢ و ٢٣ی بانەمەڕ لە وڵاتی ئاڵمان، نۆزدەهەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان (UNPO)، بە بەشداریی د. عەلی عەبدیلزادە، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ڕێکخراوەیەدا، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

لەم کۆنگرەیەدا کاروباری دەستووری کاری کۆنگرە و باس و ناساندنی چەندین کەمپەینی جیاواز کە ڕێکخراوی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان لە ساڵانی داهاتوودا کاریان لەسەر دەکا، تاوتوێ کران و لە بەشی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی کۆنگرەدا د.عەلی عەبدیلزادە لەلایەن کۆنگرەوە بە زۆرینەی دەنگ دووبارە وەک ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرایەوە. بەشی کۆتایی کۆنگرەکەش تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر ڕەوشی سیاسیی نەتەوەکانی ئەندام و پەسەندکردنی بڕیارنامەکان کە لەو بەشەدا نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتاری حیزبی پێشکێش کرد. هەروەها لەسەر پێشنیار و ڕەشنووسێکی ئامادەکراوی هەیئەتی حیزبی دێموکرات، کۆنگرەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ بێ‌دەوڵەتەکان بڕیارنامەیەکی تایبەت بە ڕەوشی نەتەوەکانی ئێران، بەتایبەتی لەسەر کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پەسەند کرد. "کوردستان" بۆ زیاتر باسکردن لە کاروباری تازەترین کۆنگرەی (UNPO) وتووێژێکی "کوردکاناڵ" لەگەڵ د. عەلی عەبدیلزادەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە:

 

ڕێکخراو  UNPOبەگشتی چ جۆرە ڕێکخراوێکە و کار و چالاکییەکانی چوارچێوەکەی چۆنە؟

ڕێکخراوە نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان یا باشترە بڵێم نەتەوە بێ‌نوێنەرەکان ساڵی ١٩٩١ دامەزرا. ئەو ڕێکخراوەیە ئەوکات و ئێستاش دوو ئامانجی سەرەکیی بۆ خۆی داناوە. یەکەم ئامانج ئەوەیە ببێتە پردێکی پێوەندیی لەنێوان نەتەوەکان یان ئەو گەلانەی زوڵمیان لێ دەکرێ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەنگی ئەوان بگەینێتە ناوەندەکانی بڕیار لە کۆمەڵگەی جیهانی وەک کۆڕی گشتیی UN و ڕێکخراوەکانی تری جیهانی. دووهەم ئامانجی ئەو ڕێکخراوەیە ئەوەیە پلاتفۆرمێک بێت بۆ هاودەنگی و هاوسۆزی لەنێوان گەلان و نەتەوەکانی زوڵملێکراو لە جیهاندا. ئێمە لە ڕێگەی UNPOەوە دەرفەتمان زۆرە کە هاوسۆزی بەرانبەر بە یەکتر دەرببڕین و هاوکات بتوانین لەو ئەزموونەی یەکتری لە خەبات دژ بە زوڵم و زۆر شت فێر ببین و کەلک وەربگرین. بۆیە ڕێکخراوی نەتەوەکانی بێ‌دەوڵەت یا بێ‌نوێنەر، لەسەر ئەو دوو ئامانجە سەرەکییە دامەزراوە و هەتا ئێستاش هەر لەو ئاستەدا کار دەکات.

حیزبی دێموکرات یەکێکە لە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە. دەمهەوێ تۆزێکیش لەسەر ئەوە قسەمان بۆ بکەی حیزبی دێموکرات لەکەیەوە لەم ڕێکخراوەیەدا بووەتە ئەندام؟

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەدرێژایی مێژوو هەوڵی داوە دەنگی کورد بەتایبەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەینێتە ناوەندە سیاسییەکانی جیهان و هەر بۆیەش حیزب دێموکرات لە سەرەتای هەشتاکانەوە هەوڵی داوە لە ڕێگای بۆ نموون ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتێرناسیۆناڵ دەنگی کورد بگەینێ بە ناوەندیی بڕیاردەر لە جیهاندا. هەر لە درێژەی ئەو هەوڵانەدا و لە بوارەکانی دیکەشدا ساڵی ٢٠٠٧ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕەسمی بوو بە ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە بێ‌‌دەوڵەتەکاندا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا چالاکانە دەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گەیاندوە بە ناوەندەکانی بڕیاردەر لە جیهان و لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لەم ڕێکخراوەیەدا.

جەنابت پێشتریش ئاماژەت بەوە کرد کە بوون لەم ڕێکخراوە دەتوانێ دەرفەتێکی زۆر باش بێت، دەمهەوێ بزانم تا چەند وەکوو حیزب دێموکرات توانیوتانە لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن وەکوو نوێنەری نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی کورد؟

بێگومان ئێمە وەک نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە لە هەوڵدا بووین کە لە ڕێگای ڕێکخراوی UNPO دەنگی خۆمان بگەینین بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. چالاکییەکانی ئێمە جۆراوجۆر بوون، بۆ نموونە توانیومانە کۆبوونەوە پێک بێنین لە ئاستی پاڕلەمانی ئورووپا و لە ئاستی ناوەندەکانی دیکەی جیهانیدا و لەو شوێنانە باسی دۆخی کورد لە ئێران بکەین. زۆر جار بووە ڕاپۆرتی تایبەتیمان نووسیوە بۆ UN و بەشێوەیەکی وردتر باسمان لە دۆخی کورد لە ئێران کردوە و هەوڵمان داوە بەرپەرچی چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە. هەروەها لە زۆر دەرفەتی دیکەشدا توانیومانە کار بکەین UNPO وەک پردێکی پێوەندی بۆ ئێمە وا بووە و توانیومانە لەو ئەزموونە گرینگانەی نەتەوەکانی دیکە لە خەبات و چالاکی بەرانبەر زوڵم‌ و زۆری هەیانە کەڵک وەرگرین، لێیان فێر بین و هاوکات ئەو ئەزموونانەی خۆشمان هەمانە بیدەین بەوان. هەر لە درێهژەی ئەو هەوڵانە تێکۆشاوین ببین بە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەو ڕێکخراوەیەوە و لەوێدا نەتەنیا دەنگی کورد بەڵکوو دەنگی نەتەوەکانی تریش باشتر بگەنین بە ناوەندیی بڕیاردەری جیهان.

کەوابوو گرینگی هەبوونی حیزبی دێموکرات لەم ڕێکخراوەیەدا تەنیا لەبەر خۆی نییە، بەڵکوو بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییشە؟

بێگومان بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی کوردە و لەهەمان کاتیشدا وەک باسم کرد ئێمە بە پەرۆشەوە دەڕوانینە ئەو زوڵم و زۆرە و ئەو سەرکوتەی بەرانبەر بە نەتەوەکانی تری جیهانیش دەکرێ. بۆیە پێمان وایە خەباتی ئێمە و خەبات بۆ ئازادی و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەستە بە خەبات و چالاکی تێکۆشانی نەتەوەکانی تر لە بەشەکانی دیکەی جیهان کە ئەوانیش وەک ئێمە خەبات دەکەن بۆ دەستبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی خۆیان. بۆیە هەوڵمان داوە دەنگی ئەوانیش بین نەک تەنیا دەنگی کورد بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوپێوەندییەکی پتەو لەگەڵ نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکانی دیکەشدا دروست بکەین.

ئەگەر بکرێ باسی تازەترین کۆنگرەی ئەم ڕێکخراوەیەکان بۆ بکەن و بفەرموون بەتایبەت سەبارەت بە پرسی کورد چی باس کراوە؟

دیارە لە دەرفەتێکی ئاوا کورتدا لەوانەیە مەجال نەبێت هەموو ئەو وردەکارییانە باس بکەم بۆیە تەنیا ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرینگ دەکەم. یەکەمیان ئەوە کە لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەدا باسی ستراتێژی داهاتووی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ چالاکیی دوو ساڵی داهاتوو کرا. لەو پێوەندییەدا کە چۆن دەتوانین پرسی ئەو نەتەوانەی ئەندامن لەو ڕێکخراوەیەدا زیاتر بەرز بکەینەوە لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. ئێمەش چالاکانە لەو باسانەدا بەشداریمان کرد. باسێکی گرینگ کە لەو پێوەندییەدا کرا لەبارەی مافی چارەی خۆنووسین بوو کە بە شێوەیەک هەموومان پێکەوە کۆ دەکاتەوە، چونکە پێمان وایە مافی چارەی خۆنووسین نەک‌هەر ئەوە دەگەیەنێ کە تۆ تەنیا وڵاتی سەربەخۆت هەبێت، بەڵکوو دەتوانێ لە سادەترین مافەکانەوە دەست پێ بکات هەتاکوو سەربەخۆیی. بۆیە ئەوە شتێکە کە هەموو ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە پێکەوە لەسەری کۆکن. لە دەرفەتێکی تری کۆنگرەکەدا باسی ڕەوش و خەبات و کار و چالاکی و ئەو زوڵم و زۆرەی بەرانبەر ئەندامانی ڕێکخراوەکە کرا. ئێمەش وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکمان پێشکەش کرد لەسەر ڕەوشی نالەباری مافی مرۆڤ و کوشت و کوشتارەی کۆماری ئیسلامی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیکات کە بەخۆشییەوە لەلایەن کۆنگرەوە بایەخی پێ درا. بەشێکی تری کاری کۆنگرە تەرخان کرا بوو بۆ ئەو بڕیارنامانە کە لەلایەن ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە هاتبوو. ئێمەش وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕەشنووسێکمان پێشکەش بە کۆنگرە کرد کە بەخۆشییەوە بە تێکڕای دەنگ پەسند کرا و دەکرێ بڵێم لەو بڕیارنامەیەدا کە پەسندکرا چەند شتی گرینگی تێدا بوو. یەکیان ئەوە بوو کە کۆنگرەی نەتەوەکانی بێ‌دەوڵەت پشتیوانیی خۆی بۆ خەباتی ڕەوای گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دووپات دەکاتەوە و پێی وایە خەباتی ئێمە بۆ دێموکراسی یا بۆ گەیشتن بە ئازادی بۆ گەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانمان گرینگە و پشتیوانی لێ دەکا. لە بەشێکی دیکەدا هاتووە کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەبواری لەسێدارەدانی چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەگشتی مەحکووم دەکات و لە کۆماری ئیسلامی دەکات بە زووترن کات زیندانییانی سیاسی ئازاد بکات. هەروەها لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنگرەدا هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوەکە کرا لەو بەشەدا ئەمن وەک نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی متمانەی کۆنگرەم بۆ ئەندامەتی لە دەستەی سەرۆکایەتیدا وەرگرت و ئەوەش بێگومان دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ حیزبی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی.

تا چەند ئەمە دەتوانێ بۆ حیزبی دێموکرات گرینگ بێت یان بۆ پرسی نەتەوەیی کە کەسێکی کورد لە بەشی سەرۆکایەتیی ئەم ڕێکخراوەیەدا بێت؟  

 وەک پێشتر ئاماژەم پێدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی ئەندامەتی لەم ڕێکخراوەیەدا بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە ڕەوشی نالەبار و زوڵم و سەرکوت بەرانبەر بەو گەلانەی تری جیهان کە دەکرێن. بۆیە لەو پێوەندییەدا هەوڵمان داوە چالاکانە بەشدار بین و یەکێک بین لە ئەندامانی سەرۆکایەتیی ئەو ڕێکخراوەیە بۆوەی بتوانین دەنگی خۆمان و گەلانی تریش بە جیهان بگەیەنین. بێگومان پێگەی حیزبی دێموکرات  وەک ئەندامێکی سەرۆکایەتی ئەوەندەی تر گرنگتر دەنوێنێ و گرینگییەکەشی لەوەدایە کە ئێمە ئەوە لە چەندین کۆنگرەی ئەو ڕێکخراوەیەدا خۆمان کاندید کردوە و متمانەی ئەوەمان پێ دراوە و دووبارە و سێ بارە ببینە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی. ئەمە نیشان دەدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێگەیەکی بەهێزی هەیە لەنێو گەلانی‌تر کە ئەوانیش وەک ئێمە خەبات دەکەن بۆ ئەوەی سەربەخۆ بن و بە مافە دێموکراتییەکانیان بگەن.

ئەم وتارەی وەک نوێنەری حیزب پێشکێشتان کرد تا چەند گرینگە لە بەرزکردنەوەی ئەم دەنگە لە UNPO دا و باس کردن لەو کێشانەی لە ئێراندا هەیە. ئایا ئەمە ئەتوانێ ئاکامێکیشی بەدوادا بێت بۆ ئێمە؟

ئەمن پێم وایە بەرزکردنەوەی دەنگی کورد لەو کۆنگرەیەدا و هێنانەبەر باسی ئەو گیروگرفتانە و ئەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە لە ئێراندا دەکرێ بەرانبەر بە کورد و نەتەوەکانی دیکە زۆر گرینگە. یەکەم ئەوە کە بێگومان وەک زانیارییەکی گشتی دەدرێ بەو نەتەوانە کە ئەوانیش لە کەناڵەکانی خۆیان و لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا باسی دەکەنەوە و بەو شێوەیە دەتوانین ئەو زوڵم و زۆر و سەرکوتەی کە لە ئێران دەکرێ زیاتر لەنێو نەتەوەکانی تری جیهاندا لەقاویان بدەین.  لە هەمان کاتیشدا دەرفەتێکی باشە بۆ ئێمە کە بە کۆماری ئیسلامی بڵێن ڕێکخراوی جیهانیی وەک UNPO هەیە کە بەردەوام بە دواداچوون دەکات بۆ ڕەوشی نەتەوە بندەستەکانی ئێران.

ئێوە ئێستا وەکوو نوێنەری گەورەترین نوێنەری بێ دەوڵەتی کورد لە UNPO لە دەستەی سەرۆکایەتی‌دان، ئایا خۆتان ئامادە کردوە بۆ ئەو ئەرکە قورسە؟

بێگومان کاتی دەوێت و وەئەستۆگرتنی ئەرکێکی لەم شێوەیە قورسە. بەڵام ئێمە بەردەوام کۆبوونەومان هەیە و بەردەوام کار و چالاکییەکانی سکرتاریەتی UNPO دەبەینە پێشێ و پشتیوانییان دەبین بۆ چاکتر بەڕێوەبردنیان. بۆیە بوونی ئێمە لەو ئاستەدا زۆر گرینگە و وەک پێشتر باسم کرد نەک‌هەر وەک نوێنەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو تاقە دەنگێکی کوردین لەم ڕێکخراوەیەدا و بۆمان گرینگە دەنگی کورد بگەینینە هەموو ئەو شوێنانەی کە بۆمان دەکرێ. بۆیە ئەندام‌بوونمان لە دەستەی سەرۆکایەتیدا پێگەیەکی بەهێزترمان پێ دەدات بۆ گەیاندنی دەنگی نەتەوەکەمان بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی.

زۆر سپاس کاک عەلی بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا

ئێوەش سەرکەوتوو بن لە کارەکانتاندا