کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دەیان کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە یەک مانگدا

12:07 - 2 جۆزەردان 2724

بەپێی ئاماری بڵاوکراو لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوو، تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوودا ٧٩ چالاکی سیاسی و مەدەنی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە و بەندیخانەکانی ڕێژیم کراون.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان، خۆڕاگری ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسانە بەتۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر کراون و چارەنووسی زۆربەیان تاکوو ئێستا نادیارە.

بەپێی خشتەی بڵاوکراوی ناوی بەندکراوان لەلایەن خۆڕاگرییەوە دەردەکەوێت کە جگە لە ٦ کەس لەم بەندکراوانە ٧٣ی کەسی دیکە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون.
خۆڕاگری لە خشتەیەکی دیکەدا ناوی ١٢ کەس کە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی هێناوە کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێکۆڵینەوە لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، بە بەندکران، دوورخستنەوە و لەسێدارەدان، حوکم دراون.
کۆی گشتیی ئەم ١٢ کەسە بە ٤٤ ساڵ و ٢٢ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٣٠ قامچی و دوو کەسیشیان بە سزای لەسێدارەدان حوکم دراون.
سەرکوتە هەمەلایەنەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر خەڵکی ئێران و کوردستان پاش خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" زیاتر لە ساڵانی پێشوو پەرەی سەندووە و ڕێژیم لە هەوڵدایە تاکوو بە تۆقاندنی خەڵک لەم ڕێگەوە، پێش بە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکانی وەک ساڵی ١٣٩٨ و ١٤٠١ بۆ جارێکی تر بگرێت.

پێشتریش کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ١٤٠١ لەلایەن ئەو ڕێکخراوەیەوە پێک هاتبوو، ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی سەرکوت و تۆڵەسەندنەوەی لەهەمبەر خەڵکی ئێران چڕتر کردووەتەوە.

لەکاتێکدا کە سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و ئێران بەتایبەتی لە مانگەکانی ڕابردوو و پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس پەرەی گرتووە کە بە بڕوای کارناسانی سیاسی، بابەتی شەڕی غەززە یەکێک لە هۆکارەکان بووە کە سەرنجی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە تاوانە نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو گرژییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەرچەرخێت.