کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ئیتلاعاتی سپا و پێشنوێژی هەینیی کرماشان بۆ لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی یەهوودی لە کوردستان

11:51 - 3 جۆزەردان 2724

منداڵێکی پەیڕەوی ئایینی یەهوود و ئەندامی کۆمەڵەی یەهوودییەکانی کوردستان و سزادراو بە لەسێدارەدران بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی سپا و پیشنوێژی هەینیی کرماشاندایە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ئاروین قەهرەمانی بەندکراوی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی بۆکان و  دانیشتووی کرماشان و پەیڕەوی ئایینی یەهوود لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بە تۆمەتی کوشتن، دەسبەسەر کرا و دواتر بە لەسێدارەدران سزا درا کە لەژێر گوشاری سپای پاسداران و پێشنوێژی هەینیی کرماشاندا، ئەگەری جێبەجێکرانی سزاکەی زۆرە.

بە وتەی هەنگاو ئەم هاووڵاتییە لە دەرگیرییەکدا کە کوژرانی هاووڵاتییەک بە ناوی "ئەمیر لەشکری"ی بەدواوە بووە دەسبەسەر کراوە و بە بێ بوونی بەڵگەی باوەڕپێکراو لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە بە لەسێدارەدران سزا دراوە.

پێشنوێژی هەینیی کرماشان و ئیتلاعاتی سپا گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی کوژراوەکە کە بە هۆی یەهوودی بوونی ئاروین قەهرەمانی، لێی خۆش نەبن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە هۆی یەهوودی بوونەوە لە ڕاگواستنی ئەم بەندکراوە بۆ بەندی گشتی خۆی بواردووە و ناوبراو ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی لە ژووری تاکەکەسیدا تێپەڕاندووە.