شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکان لە کوردستان بەردەوامە و ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردان، سێ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمیر فەقێ"، خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، بە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "تاهیر زیوە" کوڕی کەریم و خەڵکی پیرانشار، ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە لە ڕۆژێکدا گەیشتە سێ کەس.
"تاهیر زیوە" کوڕی کەریم و خەڵکی پیرانشار سێهەمین کەسی دەسبەسەرکراو لە ڕۆژی ٢ی جۆزەردان لە پیرانشارە کە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣، "سەلاح سوڵتانی" خەڵکی "سەروکانی" یەکێکی تر لە دەسبەسەرکراوانی پیرانشارە کە هێزە ئەمنییەتییەکان کاتژمێر ٣ی نیوەشەو بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەسبەسەریان کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.