کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای دوو ساڵ بەندکران بۆ سەر ڕۆژنامەوانێکی کورد

13:20 - 5 جۆزەردان 2724

ئیرەج محەممەدزادە ڕۆژنامەوان و چالاکی میدیایی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بە دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی، مەحکووم کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی: "ئیرەج محەممەدزادە، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی جوانڕۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر هادی چراغی و بە تۆمەتی تێکدانی ڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، سزای دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە".

ئیرەج محەممەدزادە پێشتر ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلیوە لەلایەن دادگای جوانڕۆوە بانگ کرابوو و پاش ٤ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە تا کاتی کۆتاییهاتنی لێپێچینەوەکانی ئازاد کرابوو.

ئیرەج محەممەدزادە ڕۆژنامەوان و چالاکی ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامیی "تیتری غەرب"ـە و هەروەها خوێندکاری دوکتۆرای زانستە سیاسییەکان لەیەکێک لە زانکۆکانی تارانە.