کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد بە هۆی دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ مەرگی ڕەئیسی

12:12 - 6 جۆزەردان 2724

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بە هۆی دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە مردنی جەلادی تاران، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخرای مافی مرۆڤی ''چاونیووز''، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناسنامەی "ئەشکان ئیسماعیلنژاد" خەڵکی گوندی قاجەری سەر بە شاری بوکان پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەم شارە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی چاونیووز، ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش مردنی گوماناویی سەرۆککۆماری ڕێژیم، ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندی یاوەری لە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەیدا، پۆستێکی شادی و هەڵپەرکێی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردبووەوە.

شایانی باسە سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی "ئەشکان ئیسماعیلنژاد"، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە، لەبەر دەستدا نییە.