کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای زیندانیکردنی ژینا مودەڕس گورجی دەبێ هەڵوەشێتەوە

18:36 - 7 جۆزەردان 2724

نووسینگەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بارەی سزای سەپێندراو بە سەر ژینا مودەڕس گورجی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:
خاتوو ژینا مودەرس گورجی لەم دواییانەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە ٢١ ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە. 

تۆمەتەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەر پێکهێنانی دەستەو گرووپی نایاسایی، پەیوەندی لەگەڵ گرووپ و دەوڵەتە دژبەرەکان و چالاکیی تێکدەرانە و پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ژینا مودەرس گورجی چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی شاری سنە و هەروەها چالاکی مافی ژنانە و چالاکییەکانی ناوبراو مەدەنی و ئاشتییانە بووە.

ژینا مودەڕس گورجی دوای مەرگی ژینا ئەمینی و لە کاتی ڕاپەڕینی ژینادا، لانیکەم بۆ ماوەی دوو مانگ دەسبەسەر کرا، پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

دادگای ئینقلابی سنە ناوبراوی بە تۆمەتی دامەزراندنی ئەنجومەنی “ژیڤانۆ” بە ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی بەشداری کردن لە کۆنفڕانس و سێمینارەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان بە ۱۰ ساڵ و هەروەها بەهۆی ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاکان بە یەک ساڵ بەندژران
سزا داوە، و لانیکەم ماوەی ١٠ ساڵ لەم سزا  ٢١ ساڵەی دەبێ جێبەجێ بکرێت.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، دەرکردنی سزایەکی وەها قورس بۆ ئەم چالاکوانەی مافی ژنان بە پێچەوانەی بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ناکۆکی لەگەڵ مافە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانی مرۆڤ کە لە جاڕنامەی جیهانه مافی مرۆڤ دەزانێت و داوای دەستبەجێ هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە دژی ژینا مودەڕس گورجی دەکات.