کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٧٠ ڕۆژدا ١٧ کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون

12:23 - 9 جۆزەردان 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆیی کوردپا لە دەستپێکی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە بەگشتی ٩٨ کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بریندار کراون.

لەم نێوانەدا ١٧ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە کە ٦ کەس لەو کۆڵبەرانە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵدا بووە.

کوردپا ڕوونی کردووە کە ١١ لەو کۆڵبەرانە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، ٢ کۆڵبەر بە هۆی سەرمابردوویی، ٣ کۆڵبەر بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە بە هۆی ڕاودوونانی هێزەکانی ڕێژیم، و کۆلبەرێکی دیکەش بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لەژێر گوشار و قۆرسایی باری کۆڵەکەیدا گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرترین ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە بووە، و ڕێژەکەی بەم چەشنە ڕاگەیەندراوە؛‌‌ ٤٤٪ی کۆڵبەرەکان لە سنووری نەوسوود ٢١٪ی لە سنووری بانە، ١٥٪ی لە سنووری هەورامان، ٨٪ی لە سنووری مەریوان، ٦٪ی لە سنووری سەردەشت و ٤٪ی کۆڵبەران لە سنووری سەقز کوژراون و بریندارکراون.

بەپێی ئاماری کوردپا، ئەم ڕێژە لە کوژران و بریندارکردنی کۆڵبەران لە ماوەی ٧٠ ڕۆژدا، بەرزترین ڕێژەی تۆمارکراو لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا بووە.

هەروها کوردپا بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری خۆی، ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا واتە لە ساڵی ١٣٩٠ هەتا ١٤٠٢ی هەتاوی بەگشتی ٢٤٦٣ کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بریندار بوون و زیاتر لە ٧٤٪ی ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژران و بریندار کراون، هەروەها ٦٤ کەس لەو کۆڵبەرانە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.

شایانی باسە کە کوردپا لەو ڕاپۆرتەی خۆیدا بە وردەکارییەوە ناو و ناوسناوی کۆڵبەرەکان و ئەو سنوورانەی کە ئەو کۆڵبەرانە لە ماوەی ٧٠ ڕۆژی ڕابردووە لەوێ کوژراون و بریندار کراون بڵاو کردووەتەوە.