کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی کەیوان ڕەشۆزادە بۆ بەندیخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران

17:38 - 9 جۆزەردان 2724

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووە کە کەیوان ڕەشۆزادە حەفتەی ڕابردوو و لە کاتێکدا کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا لە دۆخی مانگرتن لە خواردندا بووە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەو شارە و لە ایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشەی لێ کراوە کە لە ئەگەری بەردەوامکردنی مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا، دۆسییەی یاسایی نوێی بۆ دەکرێتەوە.

کەیوان ڕەشۆزادە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە دوای هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زیندانی ورمێ بۆ سەر بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی و لێدان و ئەشکەنجەکردنیان لەلایەن ئەو هێزانەوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا و لە هەمان ڕۆژدا هێزەکانی ڕێژیم لەو زیندانە ناوبراویان بردبوو بۆ حەوشەی سەرەکیی زیندان و بە بڕیاری بەرپرسانی زیندان لەلایەن هێزەکانی گاردەوە بە باتۆم ئەشکەنجە درابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە وەک ناڕەزایەتییەک لەبارەی ئەو ئەشکەنجە و لێدانەدا و هەروەها زەوتکردنی مافی ئازادیی مەرجدار، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.

کەیوان ڕەشۆزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و پاشان ڕەوانەی زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و دوای مانگێک لێپرسینەوە،  بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

دادگای ئەم هاووڵاتییانە دوای ساڵێک مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراویدا، سەرماوەزی ١٣٩٩ لە لقی دووهەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری ورمێ بەڕێوە چوو و هەر بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی بەسەردا سەپا و ئەو سزایە دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردن گۆڕدرا.