کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی تەندروستیی ئەنوەر چالشی، بەندکراوی سیاسیی تووشبوو بە شێرپەنجە لە بەندیخانەی ورمێ ناجێگیرە

17:40 - 9 جۆزەردان 2724

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەنوەر چالشی زیندانی سیاسیی کورد، کە لە زینداندا تووشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بووە و بە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەکەی لە ئێستادا دۆخی تەندرووستی ناجێگیر  و نیگەرانکەرە  سەرەڕای ڕا و بۆچوونی پزیشکی داد کە بە شێوەی فەرمی ڕایگەیاندووە ئەنوەر چالشی توانانی مانەوەی لە زینداندا نییە، بەڵام تا ئێستا بە هۆی ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم لە مافی ئازادیی مەرجدار و مۆڵەتی مورەخەسی دەرمانی بێبەش کراوە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە نزیکەی ٤ حەفتە لەمەوپێش بە هۆی خراپبوون و تێکچوونی باری تەندرووستی لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارە کراوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی توانای ماڵی نەیتوانیوە پرۆسەی دەرمان دەست پێ بکات و لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە نەخۆشخانەدا ڕاگیراوە.

ئەنوەر چالشی، هاووڵاتیی ٥٠ ساڵانی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ورمێ گوزرایەوە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کۆتایی هەمان ساڵدا لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٩ دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ڕەزبەری ١٤٠٠ دا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە ورمێ بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسۆنی ڕێژیمی ئێران سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.