کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دووبارەی سەجاد مورادی وەندان دوای کاردانەوە بە کوژرانی جەلادی تاران

11:45 - 10 جۆزەردان 2724

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری کوردستان و ئێران بە دوای کاردانەوەیان بە کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، "سەجاد مورادی وەندان" جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی جۆزەردان، "سەجاد مورادی وەندان"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاودانان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی "ژن ژیان، ئازادی" دوای بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئەو شارە، جارێکی دیکە دەسبەسەر کرا.

ئاژانسی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دوای کاردانەوەی بە مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی کە شەپۆلێکی خۆشی بۆ خەڵک هێنا، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ زیندانی ماهپارە لە دەڕەشار گوازراوەتەوە.

شایانی باسە "سەجاد مورادی وەندان" لە ڕۆژی ١١ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١ لە کاتی شۆڕشی ژینادا لە شاری مەسجد سلێمان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ زیندانی ئیلام ڕاگوێزرابوو و پاشان لە ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١دا  بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی دۆسییەکەی بە دورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت و ناڕەزایەتیی خۆی نیشان دا؛ ناوبراو دواجار لە ١٦ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢ دا دوای دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.