کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی کوردستان

12:20 - 10 جۆزەردان 2724

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان ڕۆژی زیندانیانی سیاسیی کوردستان.

زیندانیانی سیاسیی کورد!

بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی!

بە بۆنەی دوازدەی جۆزەردان ڕۆژی زیندانیانی سیاسیی کوردستان وێڕای وەبیرهێنانەوەی یادی زیندانییانی ئازیزی لە سێدارەدراومان، زۆر بەڕێزەوە سپاسی خۆڕاگریی ئێوەی کۆڵنەدەر لە نێو بەندیخانەکانی هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین.

دوازدەی جۆزەردان کە لە لایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەکوو ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی کوردستان دیاری کراوە، وەبیرهێنەروەی ڕۆژێکی تاڵ لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمانە. ساڵی ١٣٦٢،لەو ڕۆژەدا ٥٩ لاوی مەهابادی کە پێشتر لە لایەن ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەییشتووی کۆماری ئیسلامیەوە بە بێ هیچ تاوانێک و تەنیا بە تۆمەتی کوردبوون و هاوکاری لە گەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، حوکمی لەسێدارەدانییان بەسەردا سەپێنرابوو، لە شاری تەورێز گوللەباران کران. گوللەباران کردنی ئەو ئازیزانە لە کاتێکدا بوو کە چەند کەسێکیان هێشتا لەخوار هەژدە ساڵ و نەگەییشتبوونە تەمەنی قانوونی. ئەو ٥٩ لاوە نە لە دادگاییەکی  ئاشکرادا دادگایی کران و نە مافی ئەوەیان پێدرا پارێزەریان هەبێ، تەنانەت دوای گوللەباران کردنیان تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرایەوە و هەتا ئێستاش نازانرێ لە کوێ بە خاک سپێردراون. هاوکات هەڵبژاردنی مەرگی سەربەرزانەی ئەو ئازیزانە و چۆکدانەدانیان لە بەرانبەر مرۆڤکوژانی کۆماری ئیسلامیدا بووە بە ڕەمزی خەباتی زیندانیانی سیاسیی کوردستان و هەموو ساڵێ لەم ڕۆژەدا ڕێز لە ناو و یادی ئەوان و هەموو زیندانیانی سیاسیی کوردستان دەگیرێ.

ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی دوازدەی جۆزەردان دەکەینەوە کە برایمی ڕەئیسی یەکێک لە جەللادەکانی نێو بەندیخانەکانی ڕێژیم کە دەستێکی باڵای لە ئیعدامی زیندانییانی سیاسیدا هەبوو و یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ لە ئیعدامی هەزاران کەس لە ساڵی ٦٧دا بوو، لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەدا لە بەین چوو. حەق وابوو کە ڕەئیسی پێش مردنی ڕاپێچی بەردەم دادگا کرابا و سزای ئەو هەموو تاوانەی وەرگرتباوە. بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتە بۆ بنەماڵەی داخداری ئیعدام کراوەکان نەڕەخسا. هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە ئەشکەنجە و ئیعدامی زیندانییانی سیاسیی کوردستان و ئێراندا هەبووە، بهێنرێنە بەردەم یاسا و سزای تاوانەکانیان وەربگرنەوە.

 زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی،بنەماڵەی سەربەرزی زیندانیانی سیاسی، ئێوە وەکوو بەشێکی گرینگی گۆڕەپانی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەردوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، ئەرکێکی قورستان لە سەرشان بووە و هەیە. زۆرێک لە ئێوە بەداخەوە ساڵانێک لە تەمەنی خۆتان لە نێو زیندانەکاندا لە پێناو ڕزگاری گەلەکەتاندا دیلی دەستی دوژمنان بوونە و بەخۆشییەوە لێی ڕووسوور و سەربەرز هاتوونە دەرێ، زۆرێک لە ئێوەش هەر ئێستا لە نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا سەربەرزانە ڕاوەستاون و ماوەی حوکمە نادادپەروەرانەکەتان تێپەڕ دەکەن. بەگشتی ئێوەی خۆڕاگر هەم سەری خۆتان بەرز ڕاگرتووە و هەمیش لە نێو گەلانی ئازادیخوازدا بوونەتە مایەی شانازی گەلەکەتان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ڕۆژەدا جارێکی تر، وێڕای ڕێزگرتن لە خەباتی ئێوە ئازیزان، پڕبەدڵ سپاسی زەحمەتەکانی خۆتان و بنەماڵە ڕووسوورەکانتان دەکا.

هیوادارین بەزووترین کات بەری زەحمەتی ئێوە و هەموو خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان بێتە دی و وێڕای ئازادی ئێوە و ڕزگاری یەکجاری گەلەکەمان لە بندەستی، پێکەوە کار بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر بکەین.

سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان و هەموو زیندانیانی سیاسیی لە سێدارەدراو.

سڵاو لە ئیرادەی زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر و بنەماڵەی سەربەرزیان.

 

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 جۆزەردانی ١٤٠٣