کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
لە یادی ٥۹ لاوی لەسێدارەدراوی مەهابادی لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی و ناودێرکردنی ڕۆژی ڕوودانی ئەم تاوانە سامناکەی کۆماری ئیسلامی بە "ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی کوردستان"، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدانە، سڵاوی ئەمەگ دەنێرین بۆ ئیرادەی پتەو و خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بێگومان، زیندانییانی سیاسیی کوردستان، لە لایەک هێمای زیندوویی و بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمانن؛ لە لایەکی دیکەوە، سەلمێنەری ئیرادەی لەبڕاننەهاتووی تاکە شۆڕشگێڕ و بەباوەڕەکانی کوردستانن کە زیندان و ئەشکەنجە و تاوانەکانی دوژمن چۆکی پێ دانەداون و سەریان لەپێناو ئازادیی نیشتمان و ئامانجە پیرۆزەکانی بزووتنەوەی کوردستان بەرز ڕاگرتووە.
خۆنەویستی و خۆڕاگریتان جێی شانازییە!
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١١ی جۆزەردانی ١٤٠٣