کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١ی ژۆئەن، ڕۆژی جیهانیی منداڵان

02:33 - 12 جۆزەردان 2724

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١ی ژۆئەن، ڕۆژی جیهانیی منداڵان

 

ئەگەرچی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٠ی نۆڤامبر، ڕۆژی پەسندکرانی کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافی منداڵانی بە ناوی ڕۆژی جیهانیی مافی منداڵان ناودێر کردوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە نیوەی وڵاتانی دنیا بەپێی نەریتێکی مێژوویی ڕۆژی ١ی ژۆئەن بە ڕۆژی جیهانیی منداڵان دەناسن.

دیاریکردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی جیهانیی منداڵان تەنیا بۆ ئەوە نییە لەو ڕۆژەدا جێژن و ڕێوڕەسم و کاڕناڤاڵ بۆ منداڵان بگیردرێ و کات و ساتێکی خۆشیان بۆ پێک‌بهێندرێت، بەڵکوو ئەو ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی منداڵان و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و بیرکردنەوە لە ئاستی جیهانیدا بۆ خزمەتی زیاتر بە پێگەیاندن و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شیاو بۆ منداڵان. هەروەها ڕۆژێک بۆ وەبیرهێنانەوەی مافی منداڵان، هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵات لە بەرژەوەندیی دابینبوونی مافەکانیان و ئەرکدارکردنی وڵاتان و دەوڵەتان بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵ و پشتگیریی بەرنامە و چالاکییەکانی "یونیسێف". کە باس لە مافی منداڵانێش دەکرێت، مەبەست مافێکی تایبەت یان جیاواز نییە، بەڵکوو مافی منداڵان لە ڕاستیدا مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە کە لە ئێستادا لەلایەن زۆر وڵات و نیزامی سیاسییەوە پێشێل دەکرێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لەوانە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەرچی ماوەی ٣٠ ساڵە کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافی منداڵانی بەمەرجی دژایەتی نەبوونی ئەو مافانە لەگەڵ بنەما ئایینی و یاسا نێوخۆییەکانی وڵات پەسند کردوە، بەڵام هەر ئەو پێش‌مەرجە پاساوی پێشێلکردنی هەموو نێوەرۆکی ئەو پەیماننامەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بووە. بێبەشکردنی زیاتر لە نیوەی منداڵانی ئێران لە خوێندن بە زمانی زگماکی، بەکارهێنانی منداڵان و بەکوشتدانیان لە مەیدانەکانی شەڕ، پەروەردەی ئیدئۆلۆژێک لەسەر بنەمای دژایەتیی پڕەنسیپە جیهانییەکان، هەڵاواردنی ڕەگەزی لە پڕۆسەی خوێندنی منداڵان، ئێعدامکردنی منداڵان، منداڵ‌ئازاری، بەمنداڵی بەشوودان، بێبەشبوون لە خوێندن و وازهێنانی بەناچاری منداڵان لەسۆنگەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەدخۆراکی بەهۆی هەژاری و بێ‌ئەنوایی، یاسایی‌بوونی کارکردن بە منداڵ ئەویش بە مووچە و حەقدەستی کەم، خۆکوژیی منداڵان، پێنەدانی ناسنامە بەو منداڵانەی لە دایکی ئێرانی و باوکی بیانین و زۆر دیاردەی دیکە تەنیا بەشێک لەو دۆخە کارەساتبارە پێشان دەدەن کە منداڵان لە ئێران تێیدا گەورە دەبن و مافەکانیان پێشێل دەبن. لەوەش بترازێ یەکەمین قوربانییانی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتیش هەر منداڵانن کە لەسۆنگەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەم قەیرانەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر و هەم خەسار و زیانەکانی لەسەر ڕەوشی منداڵان بەردەوام زێدەتر دەبن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانیشدا دەستی لە سەرکوتی منداڵان و پێشێلکردنی مافەکانیان نەپاراستوە. بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بزووتنەوەی ژینادا ڕێژیم زیاتر لە ٥٠ منداڵی کوشت و هێرشی شیمیایی کردە سەر قوتابخانەکان، لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دا لانیکەم ١٨ منداڵ و لە نارەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦یشدا زیاتر لە ٤ منداڵی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە بزووتنەوەی ژینادا هەروەها سەدان منداڵیان دەسبەسەر کرد کە ژمارەیەک لەوان لە گرتنگەکان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دا و بە دەیان منداڵی دیکەش حوکمی زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپا و، ئەوە تەنیا بەشێکی بچووک لە کارنامەی ڕێژیمی مناڵکوژی کۆماری ئیسلامییە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ مەحکوومکردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی منداڵان هاوکات لەسەر ئەو باوەڕەشە هەتا ئەم ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا بێت. ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەت و پڕۆژەکانی حکوومەت لە بەرژەوەندیی دابینبوونی مافی منداڵاندا یەکجار کەمە کە نموونەکەی بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ی یونێسکۆ بوو کە بە بڕیاری شەخسی خامنەیی و لە مانگەکانی یەکەمی سەرکۆماریی ڕەئیسی، سەرکۆماری کوژراوی ڕێژیمدا ڕاگیرا و هەڵوەشاوە ڕاگەیەندرا. حیزبی دێموکرات هەروەها به‌ پشت‌به‌ستن به‌ بنەمای فکری و فەلسەفەی وجوودیی خۆی کە یه‌ک له‌وان بایەخدان به‌ منداڵان و پاراستنی مافه‌کانیانە، هه‌میشه‌ خۆی به‌ پشتیوانی منداڵان و مافه‌کانیان زانیوە. هەروەها هیچ‌کات و له‌ هیچ هه‌لومه‌رجێکدا له‌ ئه‌رکه‌کانی خۆی دەرحەق بە مافەکانی منداڵان خافڵ نه‌بووه‌ و بەکردەوەش بۆ دابینبوونی ئەو مافانە تێکۆشاوە. بەفەرمیکردنی خوێندن بە زمانی زگماک لە سەردەمی کۆماری کوردستان، دامەزرانی کۆڕی پەروەردە لە سەردەمی گەمارۆ خستنەسەر کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی، بڵاوکردنەوەی "دنیای منداڵان" وەک پاشکۆی ڕۆژنامەی "کوردستان"، دامەزراندنی ناوەندەکانی "منداڵپارێزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و "نێرگز" و زیاتر لە دوو دەیە کاری مەیدانیی ئەو ڕێکخراوانە بەشێک لە کار و کارنامە و هەست بە بەپرسیارەتیی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت پرسی مافەکانی منداڵان لە کوردستانە.

بەبۆنەی هاتنی ١ی ژۆئەن، ڕۆژی جیهانیی منداڵ پیرۆزبایی بە هەموو منداڵانی کوردستان و ئێران و جیهان دەڵێین و لەسەر هەست بە بەرپرسایەتی و ئەرک‌وەخۆگرییمان لە ئاست منداڵاندا پێ دادەگرینەوە. بە هیوای سەرکەوتنی خەباتی جەماوەریی گەلانی ئێران بۆ دابینبوونی مافەکانی مرۆڤ و یەک لەوان مافی منداڵان و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دوور لە هەرچەشنە نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافی منداڵان.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان

١ی ژۆئەنی ٢٠٢٤ (١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣)