کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ئەمنییەتی و دۆسییەسازیی لە دژی هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە

12:55 - 20 جۆزەردان 2724

لە درێژەی دەسبەسەرکردن و دۆسییەسازی لە دژی هاووڵاتییان، هێمن خاستان، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەکاتێکدا کە پێشتر بە ٧٤ مانگ و ٣ ڕۆژ بەندکران سزا درابوو، دیسانەوە لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە ڕووبەڕووی دۆسییەسازیی نوێ بووەتەوە و بە بەڵگەی یاسایی بانگی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، هێمن خاستان، چالاکی مەدەنی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەکاتێکدا کە پێشتر بە ٧٤ مانگ و ٣ ڕۆژ بەندکران سزا درابوو، دیسانەوە لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "چالاکی دژی نیزام" و "چالاکی لە گرووپە دژبەرەکان" ڕووبەڕووی دۆسییەسازیی نوێ بووەتەوە و بە بەڵگەی یاسایی بانگی دادگای ئینقلابی سنە کراوە.

کوردپا باس لەوە دەکات، بەپێی ئەم بانگهێشتنامەیە کە لە ڕۆژی ٢٩ بانەمەڕی ١٤٠٣ لە سامانەی سەنای هێزی دادوەریدا تۆمار کراوە، داوا لەم چالاکە مەدەنییە کراوە کە خۆی بە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بناسێنێ و ئەگەر ئەمە نەکا، دەسبەسەر دەکرێ.

هاوکات ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ئەم بەندکراوەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە دەبێ خۆی بەم ناوەندە بناسێنێ و بگەڕێتەوە بۆ ئێران، ئەگەر ئەمە نەکا بە ئاگاداربوون لە شوێنی ژیانی ناوبراو، خۆیان دەیگەرێننەوە بۆ ئێران.

هێمن خاستان ناڕازیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنە لە ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

 

 ناوبراو لە ماوەی ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

هێمن خاستان، لە ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا و دوابەدوای هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردن و کردنەوەی دۆسییەی نوێ، ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات بووە.