کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان دژی خەڵک لە دوای بزووتنەوەی ژینا، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە درێژایی دەسەڵاتدارێتیی خۆسەپێنی، سەرکوتی سیستماتیکی دژ بە نەتەوەی کورد و ئازادیخوازان پەیڕەو کردووە. سەرەڕای بەردەوامیی هێرشی هەمەلایەنەی بۆ سەر کوردستان، لە دوای سەرهەڵدانی "بزووتنەوەی ژینا" و بەرەنگاربوونەوەی جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ساتێکیش لە سیاسەتی سەرکوت و سزادانی ڕۆڵە تێکۆشەر و بەهەڵوێستەکانی نەتەوەکەمان نەوەستاوە. داسەپاندنی حوکمی ناڕەوای لەسێدارەدان لە بێدادگاکان، بەشێک بووە لەم سیاسەتە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان چەند حوکمی لەسێدارەدانی بە سەر ڕۆڵەکانی کورددا سەپاندووە. یەکێک لەم کەسانە محەممەدمەهدی کەرەمی(کۆمار)، خەڵکی بیجاڕ بوو کە مخابن سزاکەی لە کەرەج جێبەجێ کرا؛ هەروەها ڕەزا ڕەسایی، خەڵکی شاری سەحنە و لە پەیڕەوانی ئایینی یاری، شاهین وەساف خەڵکی شاری سەڵماس و محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان کە بەم دواییانە حوکمی ئیعدامی بە سەردا سەپاوە، لەو کەسانەن کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لە سەرە. داوا لە ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی "بەرگری لە کەرامەتی ئینسانی و مافی ڕەوا"، سزای دژەمرۆیی مەرگیان بە سەردا سەپاوە، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ. بێگومان، هەر وەک مێژوو سەلماندوویەتی، سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە، نەیتوانیوە ورەی بەرز و باوەڕی قووڵی نەتەوەیەکی ئازادیخواز، بۆ گەیشتن بە ڕزگاری لاواز بکات.
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣