کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زینوێ بەتەم، ئاوێنەیەک بەرەو نیشتمانم

02:21 - 22 جۆزەردان 2724

زینوێ بەتەم

ئاوێنەیەک بەرەو نیشتمانم

قادر عەلیخا

 

پێشەکی

باسکردن لە نایەکسانی و زۆداری هەرگیز کۆن نابێت. هەتا ئەو کاتەی مرڤ لەسەر ئەم گۆی زەوییە دەژی وەستانەوە بەرانبەر زۆرداران و خوێنمژان، ئەستەمە ببێتە کارێکی قیزەون و نامرۆڤانە. هەتا بووە زۆرداری هەبووە و زۆرلێکراویش لە ڕووی ڕاپەڕیوە و هەوڵی سەربەرزی و ئازادیی خۆی و لەناوچوونی ئەوی داوە. ئەم ململانێیە هەر بووە و هەتاهەتایە هەر دەشبێت. لە هەر شوێنێک زۆرداری هەبێت ـ کەسانێکیش دەبن ئەگەر بە نرخی گیانیشیان بێت ـ بە ڕوویدا دێنەوە و هەموو شتێکی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و مل نادەن. ئەوانە بەو کارەیان خۆشی و خەوی زۆرداران ناخۆش دەکەن. زۆر کەڕەتیش شادییان لێ دەکەن بەشین. کام زۆردار هەیە گەلی چەوساندبێتەوە و توانیویە هەموو تەمەنی بە ئاسوودەیی بژی و خەون و خەیاڵی لێ نەشێوێت؟ وەک دەڵێن: «دایکی دز ڕۆژێک سینگ دەخوات و ڕۆژێک سینگ دەکوتێت.» مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەم نموونانە. زۆرداریش وایە. ماوەیەک شادە و سەردەمێک چاوبەفرمێسک. ژیان پڕە لە چیرۆکی زاڵم و مەزڵووم.

ئەم چیرۆکانە خۆشترین سەربردەن بۆ خوێنەر و گوێگر. ئەوان بە تامەزرۆییەوە دەیانبیستن و دەیانخوێننەوە. دەبنە بەشێک لە چیرۆکەکە و هەڵوێست دەگرن. ئەگەر قارەمانی چیرۆکەکە لە بەندیخانەدا بێت، ئەوان بە تاسەوە چاوەڕوانی هاتنەوەی دەکەن و لە بیری تۆڵەساندنەوەدا دەبن. ئەگەر دەربەدەر دەکرێت، ئەویندارانە چاوەڕێی گەڕانەوەین، هەتا بێتەوە و لمبۆزی زۆرداری لە خۆڵ وەردات.

گێڕانەوەی سەربردە بەشێکە لە مێژووی هەر نەتەوەیەک. ئەوە ئەرکێکە و لە ئەستۆی ئەو کەسانەدایە هێزی نووسینیان لە بیرگەدایە. ئەوە ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆڤانەیە. ئەوانەی وا توانایی ئەو گێڕانەوەیان هەیە، پێناوداری گەلەکەیانن و بە هیچ کلۆجێک نابێت خۆیانی لێ ببوێرن.

ئەگەر "جان ئیشنان بەک" لە "هێشووەکانی تووڕەیی"دا باسی ئەو سەردەمەی ژیانی هەژارانی گەلی ئەمریکای نەکردایەت، ئێستا چۆن ئێمە ئاوا بەجوانی ئەو دەرد و ئازارەمان هەست پێ‌دەکرد.

ئال کوتی: "ئەگەر سەرەوژووریمان بێتە سەر ڕێ لە گەرمادا دەسووتێین. دەبێت هەندێک لەو کەلوپەلانەمان فڕێ دەینە خوارێ. نەدەبوو قەشەمان لەگەڵ خۆمان هێنابایەت.» (ل ١٦٨) «زۆری بۆ دامەچۆ، شتێکی هەر لێ دەکەین. بەڵام نابێت کارێکی وا بکەین هەموو پێ بزانن. منداڵەکان بەرگەی برسییەتی ناگرن و زوو دەمرن، منداڵ هەر دووڕۆژ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت.» (ل ٣٣٨) یان ڕۆمانە بەهێز و سەرنجڕاکێشەکەی «هێنریک سیکویچ» کە دوای نزیکەی ١٨٥٠ ساڵ  بە خەیاڵ و لە ڕۆمانێکی مێژووییدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٣٧ی زایینی و باس لە سەردەمە تاریکەکەی «نێرۆن» دەکات و خوێنەر دەباتە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی شاری "ڕۆم"ی ئەوسا و لە ناکەسی و خوێنمژییەکانی ئەو زاڵمە دەدوێت و وێنەیەکمان لەو ڕۆژگارە پڕ ئازارە بۆ دەئافرێتێت.

"لە سەردەمی ئیمپراتۆری"نێرۆن"دا شاری ڕۆم لیپاولیپ بوو لە ترس و تۆقاندن. ڕۆژ نەبوو نیسێی کوندی شووم خۆ بە سەر ماڵێکدا نەکێشێت و ژمارەیەکی زۆر تووشی دڵەڕاوکێ نەکات. سەربازەکانی نێرۆن ڕوویان لە هەر ماڵێک دەکرد ئازار و مەرگیان بە دیاری بۆ دەبردن." (ل ٤٩)

کامڕان حامیدیش بە بیرێکی نوێ و تێڕوانینێکی تازە لە ڕابردوویەکی نە زۆر دوورەمان دەدوێت و پڵاسی لەسەر هەڵدەداتەوە و بۆ خوێنەرانی تامەزۆری ڕۆمانی کوردی دەگێڕێتەوە. زۆر بە شێنەیی و لەسەرەخۆ، بە یارمەتی وشەی ناسک و ڕستەی شیرین خوێنەر پەلکێش دەکاتە نێو ڕۆمانەکەوە. بەرە بەرە باسەکە دەکاتەوە و بە خوێنەر دەڵێ: دەیهەوێت باسی چی بۆ بکات. ئەم ڕەوتە هێور هێور بیچم دەگرێت و خوێنەریش دەبێتە بەشێک لە ڕۆمانەکە و ئەویش لە هەر بەشێکیدا دەبێتە خاوەن هەڵوێستی خۆی. لەوانەیە ئەگەر ئەو سەردەمە کە هێشتا ڕۆمانی کوردی بەتەواوی بیچمی نەگرتبوو ئەو باسانەیان بنووسیایەتەوە، ئەوەندە سەرنجڕاکێش و شیرین نەگوورایەن. چونکە لەو سەردەمەدا نە پەخشانی کوردی ئەوەندە ڕەنگین بوو، نە نووسەرانی ئێمەش ئەوەندە شارەزای بوار و تکنیکی ڕۆماننووسین بوون.

نووسەری "زینوێ بەتەم"یش وەک "هێنریک سیکویچ" بەهێزی زانیاری و باڵی خەیاڵ، خوێنەرەکانی دەباتە سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوو. لەگەڵ کەرەستە و شێوەی ژیان و گیروگرفتەکانی ئەو مرۆڤانەی لەو سەردەمەدا ژیاون، تێکەڵکردنی خوێنەر بەو سەردەمە کارێکی دژوارە. خوێنەرێک کە ئێستا زۆربەی پێداویستییەکانی ژیانی دنیای پێشکەوتووی لە بەردەستدایە، زۆر لەو کار و کردەوانەی بەلاوە نامۆ و دژوارە، بە یارمەتی ئەم گێڕانەوە زەنگینە دەبێت بە بەشێک لەو مرۆڤانەی لەو سەردەمەدا ژیان و تێکەڵ بە تەنگ و چەڵەمەکانیان دەبێت. ئەو ژیان و سەردەمەی نووسەر باسیان لێوە دەکات سەردەمی ساکاری و سادە ژیان بووە. هەر بۆیە نووسەریش بە زمانی سەردەمی خۆیان باسەکەی خۆی دەگێڕێتەوە و ئەو تکنیکەی بۆ گێڕانەوەکەی هەڵیبژاردووە تکنیکێکی ساکار و دوور لە ئاڵۆزی و هەزار و دوولاییە.

کاکڵ

"زینوێ بەتەم"، ئاوێنەیەکە لە کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە. ئەو سەردەمەی کە ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی تێدا خوڵقاوە، ڕۆژگارێکی تەریک و پاشخراوەیە. هیچ کەرەستەیەکی نوێ لە بەردەست خەڵکیدا نیین، کەرەستە نوێکان زۆر کەمن، ئەگەر هەشبن، ئەوە بەدەست دەسەڵاتدارانەوەن و ئەوانیش بۆ سەرکوتی خەڵک و خۆشیی خۆیان، کەڵکیان لێ وەردەگرن.

هەموو نەتەوەیەک بەشی خۆی دەرد و ئازاری هەیە، بەڵام نەتەوەی ئێمە دەرد و ئازارەکەی چەند قاتە. چیرۆکی ئەو دەرد و ئازارانە دەبێت بنووسرێنەوە و باس بکرێن. فەوتانی ئەوانە و لەنێوچوونیان، زیانێکی مەزن لە سامانی نەتەوەییمان دەدات، مانەوە و هەڵگرتنی ئەو دەرد و ئازارانە لە توێی ڕۆمان و چیرۆکەکاندا، دەبنە ئەزموون و بەرەکانی داهاتوو کەڵکیان لێ وەردەگرن.

ڕۆمانی چینایەتی زۆر لەمێژە سەری هەڵداوە و لە زۆر وڵاتانیشدا وەلا نراوە و باسی لێوە ناکرێت. ویستی نوێ و باسی تازە هاتوونە ئاراوە. بەڵام ئەم باسە بۆ ئێمەی کورد باسێکی بڕاوە نییە و زۆرن ئەو بەسەرهاتانەی دەبێت بگێڕدرێنەوە. ئەو بەرە نووسەرەی ئەو ژیانەیان ئەزموون کردووە، دەبێت هەوڵ بدەن ئەوانە بنووسنەوە، چونکە ئەگەر ئەوانە خەمساردی بکەن و پشتگوێی بخەن، بەرەی داهاتوو ئەوەندە لەو کەش و ژینگە دوور دەکەوێتەوە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەو بەسەرهاتانە بنووسنەوە و ئەوانیش بە دەردی هەندێک لە بەیتەکان و حکایەتە کۆنە و ئەفسانەیییەکانمان دەچن.

ئەگەر کامڕان حامیدی لە ڕۆمانی "زینوێ بەتەم"دا ئاوڕ لەو مێژوویە دەداتەوە، کارێکی بەجێیە. قەڵەمێکی ئاوا شارەزا و دەوڵەمەند بە وشە و دەستەواژەی گوندی و ناسینی باری ژیانی ئاژەڵداری و وەرزێڕی، دەبێت بەو کەرەستانەی لە بەردەستیدان ئاوڕ لە باسێکی ئاوا بداتەوە و ئەو ژیانە پڕ لە نەهامەتی و کۆڵەمەرگییە بنووسێتەوە و بە بیانووی ئەوەی کە ئەو باسانە سەردەمیان بەسەر چووە لە گێڕانەوەیان درێغی نەکات. هەتا بەرەی نوێ هەستیان پێ بکات و ڕێگەی بەربەرەکانێ لەگەڵ ملهۆڕان و زۆرداران لە کوڕە ئازاکانی ئەو سەردەمە چەقبەستووە فێر بێت و خۆی بۆ تەیار بکات.

دیارە هەر سەردەمێک زاڵمی خۆی هەیە و هەتا گەیشتن بەو کولتوورەی زاڵمبوون ببێتە شوورەیییەکی ئەوەندە گەورە، کەس نەوێرێت خۆی لە قەرەی بدات، بەربەرەکانێش هەر دەبێت.

حامیدی لە "زینوێ بەتەم"دا یەکلایەنانە هەڵی نەکوتاوەتە سەر لایەنێکی تایبەتی کۆمەڵگە. لایەکی ڕەش و لایەکی سپی نەنواندووە. ئەگەر مراد و سمایل و سولەیمان و عەوڵامان هەیە، ئەوە خەلیفە و برایمی قاوەچی و حاجی باییز هەن. ئەگەر حەمەدئاغا و ڕەشکۆمان هەیە و خەرێکی بەرماوخۆری و گورگەمێشین، قادراغاشمان هەیە و پشت لە مڵک و سامان و خۆشڕابواردن دەکات و ڕێی نیشتمانپەرەوەران دەگرێتە بەر. ئەو باسی ڕاستییەکانی سەردەمێک دەکات کە زۆرتر وەک وێنەیەکی ڕەش یان سپی گەیشتوونەتە دەستی ئێمە. بەڵام شارەزایانە ڕەنگاڵەیان پێ دەبەخشێت و وەک ئەوەی هەبوون، پێشکەشی خوێنەرانی دەکات.

قەڵەمی نووسەر قەڵەمێکی ئازا و وریا و شارەزایە لە گێڕانەوە. لە سەرەتای هەر بەشێکدا هەر لە یەک دوو ڕستەی دەسپێکدا خوێنەر پەلکێش دەکاتە قووڵاییی باسەکەوە. ئەگەر باسی خەم بێت، تێکەڵ بە دەریایەک لە خەمی دەکات و دەیکاتە هاوبەشی کەسانی نێو ڕووداوەکە و ئەژنۆی خەمیان پێ لە باوەش دەگرێت. ئەگەریش باسی شادی بێت، بە پلەزیقانیان دەخات و سەمایان لەدڵ دەگێڕێت. ئەگەر باسی ئازایەتی بکات، ئەوە ورەی بە هەناودا دەکات و ڕایدەپەڕێنێت و وانەی نەترسانی بە گوێدا دەخوێنێت. ئەوانە هونەری نووسین و کاری کەسانی شارەزا و بەئەزموونی ئەو بوارەیە. کامڕان حامیدی، یەکێکە لەو کەسە شارەزاو خامە ڕەنگینانە.

لەم ڕۆمانەدا بە سەدان وێنەی جوان لە دیمەنە تایبەتەکانی کوردستان نەخشێندراوە. ئەو وێنانە ئاوێنەیەکی باڵانوێنن و جوانییەکانی کوردستان دەخەنە بەر چاوی خوێنەر. جوانن و دڵگر و خوێنەرپەسەندن. ئەو سروشتەی ڕۆمانەکەی تێدا خولقاوە، ژینگەیەکی کوێستانییە. پڕە لە ڕەنگی گوڵ و بۆنی گیا و هەناسەی هەور و خرمەی باران. کامێرای قەڵەمەکەی حامیدی لە هەموو لایەک دەڕوانێت. ئاسمان، ڕووبار، چیا، پێدەشت و گوند. سەردەکێشێتە نێو ماڵە قوڕینەکان و دیمەنی ئاوری تەندوور و شوێنە گەرمەکان دەگرێت. خۆیدەکات بە نێو دڵ و هەناوی مرۆڤەکاندا و لە خەیاڵ و ئاوات و ترس و دڵەکوتێیان دەپرسێت. بۆ نەخشاندنی دیمەنەکانی لە هەموو ئەو کەرەستانەی لە بەردەستیدایە بەجوانی کەڵک وەردەگرێت. گیانلەبەر و ڕووەک، گیا و گوڵ، هەور و باران، چیای هەڵەمووت، لێڕەوار و دارستان، کانی و ڕووبار، ڕێگە،  ماڵ و دیوەخان و مرۆڤ.

"هەوری بۆر گەواڵ گەواڵ دە باوەش ئاسناندا دەخزان و پێش چاوی ڕۆژیان دەگرت. هەتاوی پایزی خۆی لە دەستیان ڕادەپسکاند و ماوەیەکی تر چاوی لە زەوی دەبڕی، هەتا بە یەکجاری لە هەموو لایەکەوە لێی وەر دەهاتن و نوقوم دەبوون.» (ل ٣١) "تاریکی وەک خەوی قورس دەهات بەسەر زەینی زەوی و ئاسماندا زاڵ بێت، تاک تاک جریوەی ئەستێران لە گۆشە و کەناری ئاسمان کەمۆکێک ئەو خەوەیان ڕاماڵ دەدا.» (ل ٤٣)

نووسەر سەرەڕای ئەوەی کە زۆر جوان و شارەزایانە ڕووداوەکان وێنا و تەمسیلیان دەکات، بە هەڵسوکەوتی قارەمانەکانی چیرۆکەکەی و ئەو ڕووداوانەی دەیانئافرێنێت، باس لە ژیانی کوڵەمەرگی و تەنگ و چەڵەمەکانی خەڵکی ئەو سەردەمە دەکات. زۆر جاریش خۆ لە تەمسیلکردنەکە لادەدات و لە زاری خۆیانەوە باسی ڕوانگەکانی خۆی بۆ ژیان دەکات. "مرۆڤ لە هەموو شوێنێکی، لە هەموو زەمانێکی، لە هەموو خاڵێکیدا بە شێکی زۆرتر لە ژیان، بە حەقی خۆی دەزانێ". (ل ١٤٥)

لە هەندێک شوێنی ڕۆمانەکەدا گێڕانەوە باڵ دەگرێت و لە قەوارەی خۆی دێتە دەرێ. جەستە و دەنگ وە جووڵە دەکەون و لاپەڕەی کتێبەکە دەبێتە شوێنی نواندن و ڕووداوەکان تەمسیل دەکرێن. خوێنەر هەست دەکات وشە و ڕستەکان دەکەونە جووڵە و یارمەتی گێڕانەوەکە دەکەن.

"دەستی هەڵێنا و قەمچی داهێناوە، ئەسپە سوورخوون حیلاندی و هەستا سەر پاشووان، قەمچی سەر شانی خالیدی گرت و خوێنی تێ چزاند. خالید کتوپڕ پڕی دایە پێمەڕەی هەڵپەساردراو بە دارەتووی، ڕەحمان ئاغا چەلێکی دی دەستی هەڵێناوە و قەمچی لێ داهێناوە، کەچی مراد وەک پڵینگ لە حەوای گرتییەوە و قەمچی لە مەچەکی هاڵا، ڕایکێشا، ئەسپ پاشەوپاش کشاوە. سپێنەی چاوی گەورەتر ببوو. حاجیش غاری دا پێمەڕەی، ئەحمەدە زلە مەودای نەدایە، گەیشتە سەری و گورجێ لە ئەسپی دابەزی و خۆی پێ دادا، مێزەری زەردی حاجی لە سەری بەر بووە و بۆ خۆشی کەوتە بەر زلە و پێلاقەی ئەحمەدی، خالید بە هانای هات، لە پشتەوەڕا هەتا هێزی هەبوو پێمەڕەی لە شانی ڕاکێشا، نرکەی لە دڵی هێنا، ئەسپە سوورخوون پڕ بە زەوی دەیحیلاند و مرادی وەبەر چەپۆکی خۆی دەدا، قەمچی لە دەستی بەر ببوو، ڕەحمان ئاغا بێوچان قەمچی بە سەروکوێلاکیدا دێنا، خۆی لەبەر سمی ئەسپی لانەدابا هەموو ئێسکی لەشی تێک دەشکا.» (ل ٢٣١)

سروشت لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا سروشتێکی دڕە. ئەویش وەک بەشێک لە ئاغاکان و وەک هەموو ژاندارمەکان بێبەزەییانە پەلاماری جەستە و ڕۆحی مرۆڤەکان دەدات و ئازاریان پێ دەچێژێت. تەنانەت لە بەگرتندانی هێرۆ و مرادیش دەستی هەیە و دەبێتە حەزیا و لە لاق و پەلیان دەهاڵێت و ڕایاندەگرێت و ڕادەستی ژاندارمە و کوێخایان دەکات. "هێرۆ زۆر بە چەتوونی هەنگاوی هەڵدێناوە، دە بەفری دەکەوت، مراد دەستی دەکێشا، هەڵدەستاوە، بەکۆمەکۆم بەدوویدا دەچووە پێشێ ...» (ل ١٤٣) "هێندە نەڕۆیبوون سوار گەیشتنە سەریان، هێرۆ بەر بۆوە، مراد بۆی گەڕاوە، قامچییەکی توند وەک درێشووی ڕەشمار دەموچاوی گەست. ویزەی نەدەبڕاوە و وە سەروگوێلاکی دەکەوت...» (ل ١٤٣)

ئەم دنیایە پڕە لە چیرۆکی نەکوتراو. دڵی هەر ئاوازێک، هەر بەیتە شێعرێک، هەر بەردەنووسێک، هەر پەیکەرەیەک، هەر وێنەی سەر بەردێک، توێتوێ بکەیت، چیرۆکێکی تابیەت و سەرنجڕاکێشی تێدایە. "زینوێ بەتەم"یش پڕە لە چیرۆک، پڕە لە بەسەرهات. ئەم ڕۆمانە دەکرێت ببێتە دایکی دەیان ڕۆمان بەهێز و چێژبەخش. ئەگەر ورد لێی بڕوانیت، بۆخۆی هەزارویەک‌ شەوێکە. هەر بەشێک لە ڕۆمانەکە لە کارەسات و سەربردەیەکی گرینگ و جێی سەرنج دەدوێت. جاری وا هەیە، حەماسەت و ئازایەتی و سەرکەشی باڵ بەسەر گێڕانەوەکەدا دەکێشن و وڵات پڕ دەکەن لە تۆوی تۆڵە و ڕاسانی دژی زۆرداری. جاری واش هەیە، خەمباری باڵ بەسەر گێڕانەوەکەدا دەگرێت. ئەگەر لە شادی دەدوێت کەموکورتە. ئەویش ئەگەر هەبێت، لە قەڵا و دیوەخانی ماڵە دەوڵەمەند و ئاغاکاندایە، دەنا ئەوەی دیکە یان گیانبازی شۆڕەسوارانی ژیاندۆست و نیشتمانپەروەرە، یان ئارەقە و ماندووبوونی فەلا و شوانکارە و جووتێران و کسپەکسپی هەناو و دڵی کیژ و ژنە مراد بەتاڵانچووەکانە.

چیخۆف دەڵێ: "ئەگەر نووسەر باسی تفەنگێکی هێنایە گۆرێ، دەبێت لە چەند لاپەڕە ئەولاتردا ئەو تفەنگە بتەقێنێت." ئەمە یانی ئەوەی هیچ وشەیەک نابێت بێ‌هۆ بێتە نێو چیرۆکێکەوە. ئەو خاڵە لە "زینوێ بەتەم"دا بەجوانی ڕەچاو کراوە. هیچ وشەیەک پشتگوێ نەخراوە و هیچ باسێک نییە لە شوێنێک بە ئاکام نەگەیشتبێت و خاڵی کۆتایی بۆ دانەندرابێت. زۆر کورتەباس دێتە نێو ڕۆمانەکەوە و بەهۆی باسە سەرەکییەکانەوە خوێنەر لەبیریان دەکات. بەڵام لەناکاو دەبینیت نووسەر هاتووەتەوە سەریان ژیاندووینەتەوە و کورتەباسەکەی بە ئاکام گەیاندووە.

بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە، گەورەترین پاڵەوانی نێو ئەم ڕۆمانە چیای گەردنکەش و سەربەتەمی قەندیلە. قەندیل بێ‌ئەوەی وتەیەکی لە زار بێتە دەرێ و جووڵەیەک بکات، قارەمانی دەیان چیرۆک و سەربردەیە. زۆربەی ڕووداوەکان لە داوێن و قەدپاڵ و ترۆپکی ئەودا ڕوو دەدا. زۆربەی بەشەکانی ڕۆمانەکە نێوی قەندیلیان تێدایە. قەندیل بە زمانی بەرد و دار و گیا و گوڵ و چۆم و تاڤگە و خوڕێنک و هەڵەمووت و بەرزی و نزمایی، دێتە گۆ. باسی ناپیاوی و ئازایی، جوانی و ناحەزی، ئابڕووداری و بێ‌ئابڕوویی، قڕنیسی و دڵاوایی، مەردی و نامەردی دەکات.

"هەور چوار وەرزی ساڵ دێن، گەواڵ گەواڵ، سپی سپ، بۆر بۆر، ڕەش ڕەش لە زینوێ ڕینکە دەبن، لێک دەهاڵێن، تۆپەڵ دەبن، پان دەبنەوە، درێژ دەبنەوە شاڵاوی بۆ دێنن، دەگوڕێنن، بەسەریدا دەدەن بەڵکوو، ئەی بەڵکوو ئەویش بە چۆکدا بێنن، بەڵام قەندیل هەروا وەک جاران، وەک هەمیشە سەربەرز و گەردنکەش لێیان ڕاساوە، سەری لەناویاندا هەڵبڕیوە". (ل ٤٢٥)

لێرەدا قەندیل سەرکێشانە بەرانبەر دژ سەری هەڵبڕیوە. فەرماندەرێکە و فەرمان بەسەر گەلێکدا دەدات. بۆ کۆڵنەدان و ڕاسان و مانەوە، وانەی سەربەرزی دەڵێتەوە و سروودی کۆڵنەدان دەچڕێت. ئەشکەوتەکانی منداڵدانی گووران و مانەوەن. ڕووبارەکانی دایکی خەباتن و ئاوازی ڕسکان دەڵێنەوە. گابەردەکانی چاو لە گوللـە سوور دەکەنەوە و پێی پێدەکەنن. ڕەوەزەکانی دوگمەی بەرۆکیان کردووەتەوە و نەترسانە سینگیان بۆ فیشەکی نەیار ڕووت کردووە. داربەڕووەکانی چنگاوشی چاوچنۆکان دەبن و ڕنووەکانی، پاشقولی داردەستانی ئەهریمەن دەدەن.

لە "زینوێ بەتەم"دا زۆر لە قارەمانەکان  بەرچاون. خوێنەر تامەزرۆی دیتنی چارەنووسیانە و بە شوێن پێیانەوەیە. هەموویان لە جێی خۆیاندا گرینگن. ناپیاوەکان، بۆ ئەوە ناپیاویانەی لەگەڵ هاوڕێی و کەسانی جێی باوەڕیان دەیکەن و مەردازاکان، بۆ ئەو ئازایەتییانەی لە ماوەی ژیانی نێو ڕۆمانەکەدا دەیکەن. خوێنەر داهاتووی هەموویانی  بۆ گرینگە. سەرکەوتن و بە ئاواتگەیشتنی قارەمانە خۆشەویستەکان و لەنێوچوونی دژە قارەمانەکان. مراد، خالید، سولەیمان، سمایل، عەوڵا، حاجی باییز، حاجی ساڵ، حەدماغا، قادرئاغا، ڕەشکۆ، هێرۆ، مێرم، کوێخا، حاجی محەمەد، سەروانە شێتە. ئەوانە ئەو کەسانەن پاڵەوانی دیاری نێو گێڕانەوەکەن.

خەسارەکانی "زینوێ بەتەم"

١ ـ هەڵە تایپییەکان:

بەداخەوە ڕۆمانەکە هەڵەچنییەکی باش نەکراوە و لە زۆر جێدا هەڵەی تایپیی تێ‌کەوتوە.

 

٢ـ کەڵکوەرگرتن لە هەندێک وشە دوور لە جێی خۆیان:

سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆمانەکە خاوەن زمانێکی پتەو و زەنگینە، لە هەندێک شوێندا نووسەر وشەکان لە جێگەی خویاندا دانانێت. هەرچەندە ئەوانە لە بایەخ و گرینگیی ڕۆمانەکە کەم ناکەنەوە، بەڵام لێرەدا وتنیان پێویستە و نەبوونیان باشتر دەبوو. لە لاپەڕەی ٢٩٧دا نووسراوە: "مێگەلی حاجی ساڵە لەنێو دۆڵێکی تەڕ و بڕدا «مۆڵ» دراوە". لە ئاژەڵداریدا شوێنی هەندێک ئاژەڵ بە ناوی تایبەت دیاریکراوە. بە شوێنی خەواندنی مەر دەگوترێ «پەچە» ئەو شوێنەی مەڕیشی لێ دەدۆشن دەڵێن: مەڕەکە لە فڵان چێدا خەوتووە. یان ئەوڕۆ مەڕ لەسەر کانی سەنگەران کەوتووە. مۆڵ شوێنی خەواندنی ڕەشەوڵاخە.

٣ـ لە لاپەڕەی ٢٧٩دا مینە شەهید دەبێت و نووسەر نووسیویەتی:

"ژاندارم بە ڕێی شێخاندا یەک لە دوای یەک دەهاتن، جێی کوژراو و برینداریان دەگرتەوە، دەتگوت لە حەرز هەڵدەقوڵن، هەر دەهات و زیاتر دەبوون، هاواری مینە بەرز بۆوە، گوللـەیەک نێوچاوانی کون کردبوو، پشتەوڕوو کەوت، وەک دە خەودا بێت، لەسەر سینگی زەوی ڕاکشابوو، زەردەخەنەیەک لەسەر لێوی هەڵکەندرابوو.» (ل ٢٧٩)

لێرەدا مینە شەهید دەبێت و گیانی لەبەردا نامێنێت. بەڵام لە لاپەڕەی ٢٨٠دا نووسەر گیان وەبەر مینە دێنێتەوە و لە بەهاناوەهاتنی مراد و خالید و کوشتنی ژاندارمان سەری سوڕ دەمێنێت و نووسیویەتی: «کتوپڕ شریخەی دوو تفەنگ لە پشتەوەی سولەیمان و هاواڵانی هات، زیڕەژنی دوو ژاندارمی بەدواوە بوو، بەدوای ئەوانەدا هاوار و زیقەی دوو ژاندارمەی دیکە زایەڵەی داوە خلۆر بوونەوە و لە پەنا کەنداڵێکی گیرسانەوە، هەر بڵێی یەک و دوو کەلاکی حەوت ژاندارمان کەوتنە حەرزی، هەم ژاندارم و هەم مینە و ئەوان سەریان سوڕمابوو.» (ل ٢٨٠)

٤ـ کەمیی دەوری ژنان

ژن لە ڕۆمانەکەدا دەوری پێ دراوە. بەڵام زۆر کەم و موخستەسەر. چاو لە دەست و چاو بەگریان. مێرم هەر مەڕدۆشێکە و هیچی دیکە. گرینگیی ئەو ئەوەیە کە مراد سیلەی چاوێکی داوەتێ. دایکی مرادیش هەر کابانی ماڵێیە و بەس. ژنەکانی ماڵە ئاغاکانیش هەروەتر، ئەوانیش ون و بێدەسەڵاتن، هیچ دەورێکیان لە ڕووداوەکاندا نییە. هەرچەندە دەکرا لە چەند لایەنەوە ئاوڕ لە دەوری ژن بدرێتەوە. چونکە لەو سەردەمەدا ئەگەر ژنەکانی ئەو کۆمەڵگەیە شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و خەباتکار نەبووبن. لانی کەم یەکێک بوون لە کۆڵەکە گرینگەکانی ژیان. ژنانی کورد بە درێژاییی مێژوو یارمەتیدەر و پشتوپەنای پیاوان بوون. هەرچەندە هەلومەرجی ژیانی ئەو سەردەمە دەرفەتی زۆر بە نووسەر نادات دەورێکی گرینگیان بداتێ. بەڵام ڕەنگە دەوری گرینگتریش لە کابانێکی ئاساییش هەبوو بۆ ژنان.

نەسرین یەکێک لەو ئافرەتانەیە کە دەکرا دەورێکی باشی بدرێتێ، هەرچەندە کەمیش. نەسرین لە شارێکی وەک مەهاباددا دەژیا، شارێک کە لانکەی کۆمارە. ئەو شارە هەر لەو سەردەمەدا کەسایەتییەکی وەک مینا خانمی تێدا دەژیا. ماوەی چەند ساڵ بوو قوتابخانەی تێدا بوو، دەکرا وەک هاوبیرێکی سمایل و هاوڕێیەکانی نیشان بدرایەت و بکرایەتە هێمای ئەو ژنانەی بۆ ئازادیی گەلەکەیان دڵیان کورکاندوویەتی و هەوڵیان بۆ داوە.

٥ـ هەندێک وشەی نامۆ

هەندێک وشە هەن لە ڕۆمانەکەدا لەگەڵ ئەو ژینگەی ڕۆمانەکەی تێدا خولقاوە نامۆن. ئەوانە ڕاستە ئەوڕۆ خۆیان کێش کردووەتە نێو زمانی ئاساییی کوردییەوە، بەڵام بۆ ئەو مێژووەی چیرۆکەکەی لێ دەگێڕدرێتەوە ناسروشتین. وەک جاجیاغا، مدبەق، حەوشەخەڵوەتی، دێهاتییەکان. ئەمانە وشەگەلێکن کە مێژووی کەڵک‌لێوەرگرتنیان کورتە و لە شار بیچمیان گرتووە و هاتوونە نێو زمانی ئاخاڤتنەوە. ئێمە زۆرتر بە جێی وشەی حاجیاغا کوتوومانە، مامە حاجی، یان خاڵە حاجی. بە جێی وشەی حەوشە خەڵوەتی کوتوومانە، حەوشەی پشتەوە. بەجێی مدبەق، کوتوومانە. نێوماڵ، یان سەر تەندوور. بەجێی وشەی گوندنشینەکان لە وشەی دێهاتییەکانی کەڵکی وەرگرتووە. ئەم وشەیە زیاتر واتای نەرێنی هەیە. کەڵک‌وەرگرتن لە وشەی گوندنیشنەکان قورستر و پڕواتاتر بوو.

 دوا وتە

"زۆرن ئەو ئاسەوارە هونەرییانەی کە ئێمە وەک ئاسەواری کلاسیک لێیان دەڕوانین و نێویان دەبەین. ئەوانە، هەموویان خاوەن تایبەتمەندییەکی هاوبەشن. ئەو تایبەتمەندییەش ئەوەیە کە ئەو ئاسەوارانە نموونە گەلێکی گرینگ و بەرزی هونەری و کولتووری ئەو ئاو و خاکەن."

ئەگەر ئەم پێناسەیە بۆ ئەم ڕۆمانە لە بەرچاو بگرین. دەکرێت بڵێن؛ «زینوێ بەتەم» یەکێکە لە ئاسەوارە باشەکانی نووسین و ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی. چونکە پڕە لە لایەنی کولتووریی کوردی و هەموو ڕووداوەکانی لە هەناوی مێژووی کوردەوە هەڵقوڵاون و بەشێکن لە جوانی و ناحەزییەکانی ئەم گەلە. ئەم ڕۆمانە شیرینە چیرۆکی دەیان پیاوی ئازایە. دەیان پیاوی چاونەترس و خۆنەویست. ئەو کەسانەی سەرەڕای تەنگەبەری و ئەنگوستەچاویی سەردەم دەنگیان هەڵبڕی و بەپێچەوانەی ڕەوتی ئاو خۆیان لە گەرووی ڕووبار ڕۆ گرد و مەلەیان کرد. ئەوانە ئەو کەسانە بوون کە مانای ژیانیان زانیوە و ڕێزیان لە کەسایەتیی خۆیان گرتووە. نەیانویستووە کەسانێکی بەنێو ئاغا و ئوستوار و سەروان کەسایەتییان پێ پەست بکەن و تێکیان بشکێنن و ئاڵقەی کۆیلایەتییان لە گوێ کەن. ئەوانە ویستوویانە خۆیان بن. مرۆڤی ئازا و خاون ئیرادە. بۆیە لە زۆرداری ڕاساون و نەترسانە دەستیان داوە چەک، ئازایانە هانایان بۆ شاخ بردووە.

شاخ، نیشانەی سەربەرزی و خۆڕاگری. شاخ، شوێنی حەوانەوەی سەربزێوان. شاخ، پەناگای بێ‌پەنایان. مێژووی ئێمە بێ چیرۆکەکانی شاخ مێژوویەکی ترسەنۆک و قززەیە. ئەگەر ئەو داستانانەی لێ داماڵی، دەبێتە هەڵۆیەکی باڵوپەڕکراوی نێو قەفەس. ئەرکی نووسەرانی ئەم گەلەیە ئەم سەربردانە بنووسنەوە و لە بزربوون بیانپارێزن. بە جلوبەرگی جیاوازە و شێوەی تایبەت. سەدان مرادمان لەم وڵاتەدا هەبووە. سەدان کوێخا ڕەسووڵ و کوێخا شەریف و حاجی باییزی پووڵپەرەست و گورگەمێشمان هەبووە. ئەوانە بەشێکن لە ژیانی نەتەوەی ئێمە. دەبێت خۆیان لێ گێل نەکەین و لە کوتنەوەیان شەرم دامان نەگرێت. ئەم سەربردانە ئەگەی بدرێنە پاڵ یەک، دەکرێت سەدان ڕۆمانی شیرینی وەک «زینوێ بەتەم»یان لێ بئافرێندرێت. ئەو ڕۆماناناش دەبنە سامانی نەتەوەیی. بەو کارەش هەم زمانەکەمانی پێ زەنگین دەکەین و هەم دەبنە هۆی شانازی بۆ ئەدەبدۆستان و ئاشقانی گێڕانەوە و بیستن.

یەکێک لە گریگترین ویستەکانی خوێنەر لە خوێندنەوەی دەقێکدا ـ بەتایبەت دەقێکی چیرۆکی ـ ئەوەیە کە بزانێت نووسەر لەو دەقەدا دەیهەوێت بڵێ چی. بۆ دەستی داوەتە قەڵەم و بۆ کاتی خۆی بۆ ئەو نووسینە تەرخان کردووە. ئەوەی ویستوویە لێی بدوێت چەندە جێی بایەخە. نێوەڕۆکی باسەکە و شێوەی گێڕانەوەکەی ئەوە هەڵدەگرێت ئەو کاتی بۆ دانێت و بیخوێنێتەوە.

ڕۆمانەکە درێژدادڕی تێدا نییە و خوێنەر ماندوو ناکات. بۆ هەر بەشێک لە نووسینەکە بەپێی پێویست کەڵکی لە وشە وەرگرتووە. مەبەستی لە گێڕانەوەکە هەر ئەوەندە بووە کە پەیامەکە بە شێوەیەکی پوخت و جوان بۆ خوێنەر بگوێزێتەوە. بە چاوێکی کراوە دەستی بە هەر بەشێک لە گێڕانەوەکەی کردووە و لە جێی خۆیدا خاڵی کۆتایی بۆ داناوە.

بەدڵنیایییەوە ئەم ڕۆمانە خوێنەر ڕەنجبەخەسار ناکات و هەڵدەگرێت کاتی بۆ دانێت و بێخوێنێتەوە.

سەرچاوەکان:

١ـ حامیدی، کامڕان. زینوێ بەتەم. چاپی دووهەم. خانی ١٤٠٠

٢ـ ئینتێرنێت

٣ـ جان ئیشتان بەک. هێشووەکانی تووڕەیی. پەخشانگەی پگاە تاران ١٣٩٢

٤ـ هێنریک سینکویچ. بۆکوێ دەچی. ڕۆمان. پەخشانگەی نشر ماهی. تاران ١٣٩٢

 

* لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان وەرگیراوە