کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی پەرستار و قەیران لە سیستمی تەندروستیی ئێران

12:10 - 3 خەزەڵوەر 2725

بەرپرسی گشتیی نیزام پەرستاری لە ئێران هۆشداری دا کە ژمارەی پەرستاران لە نەخۆشخانەکانی ئێران نزیکەی نیوەی ستانداردی جیهانییە.

ئەحمەد نەجاتیان وتی: کەمیی پەرستار، دەرئەنجامی سیاسەتی نادروست لە دامەزراندن و ڕاگرتنی هێزیی مرۆییە و بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی سیستمی تەندروستی.

بە وتەی ناوبراو، نادادپەروەری لە دابەشکردنی سەرچاوەکان و بڕیاردان، بووەتە هۆی ئەوەی پەرستاران پشکیان لە پۆستەکانی بەڕێوەبردندا نەبێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئێران لەگەڵ کەمیی نزیکەی ١٠٠ هەزار پەرستار بەرەڕوو بووەتەوە.

کۆمەڵگەی پەرستاری لە ئێران جگە لە کەمیی هێزی کار، لەگەڵ کێشەگەلێکی وەک ناتەواوی مووچە و یارمەتییەکان و دوو بەرابەربوونی باری کار بەرەوڕووە.

قەیرانی پەرستاری لەحاڵێکدا توندتر بووە، کە ڕێژیم سەرەڕای دروشمی "گۆڕانکاری لە تەندروستیدا"، نەیتوانیوە کەمترین ئاستی ستانداردی کار و بژێوی ژیان بۆ ئەم گرووپە دابین بکات. لە ئەنجامدا باری قورسی کار و کۆچبەری و ناڕەزایی بەربڵاو، سیستمی چاودێریی تەندروستی ئێرانی گەیاندووەتە لێواری داڕمان.