کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ کەس لە ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە

16:06 - 3 خەزەڵوەر 2725

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی هەینی ٢ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.

ئەو ڕێکخراوە دەڵێ کە ئەمە بەرزترین ژمارەیە کە لە ماوەی دەیان ساڵدا لە ئێران تۆمار کراوە و "هەزاران کەسی دیکە" مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە، چونکە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی سەرکوتکەرانە بەردەوامن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای کرد کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ کۆتاییهێنان بەم کارەساتە هەنگاوی بەپەلە بگیرێتە بەر.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەر لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ کۆڕی گشتی، بە توندی ڕەخنەی لە زیادبوونی ژمارەی ئێعدامەکان لە ئێران و ئەشکەنجەدانی دەسبەسەرکراون گرت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەی دەرکردن و بەڕێوەبردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە چەندین جار لەلایەن ڕێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە لەمبارەوە هۆشداری بدرێت.