کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیجابی دڵخواز

09:50 - 3 خەزەڵوەر 2725

ئاسۆ مینبەری

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ڕێوڕەسمی زەماوەندی کچی عەلی شەمخانی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆژەڤی باسەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو. هەرچەند کە لە حاڵەتی ئاساییدا پرسی حیجاب پرسێکی تاکەکەسییە و دەچێتە چوارچێوەی ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی مرۆڤەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە و نەبوونی هیچ نیشانەیەک لەو حیجابە ئیسلامییەی کۆماری ئیسلامی پڕوپاگەندەی بۆ دەکات و هەموو ئیمکاناتی خۆی بەکار هێناوە تاکوو بەسەر کۆمەڵگەیدا بسەپێنێ، ڕەنگە یەکێک لە گرینگترین بابەتەکان دوای بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە بێت.

لە هەموو ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، حیجابی ئیسلامیی دڵخوازی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گرینگترین ئامرازکانی سەرکوتی ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا بووە. بە هەزاران ژن بە هۆی ڕەچاونەکردنی ئەم حیجابە زۆرەملێیە لەگەڵ گەشتی ئێرشاد و زۆر جاریش دۆسییەسازی بەرەوڕوو بوونەتەوە، تا جێگایەک کە لە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیدا ژینا ئەمینی بە بیانووی ڕەچاونەکردنی ئەم حیجابە زۆرەملێیە کەوتە بەر توندوتیژییەوە و شەهید کرا و دوابەدوای ئەوەش بە سەدان ژنی چەوساوەی دەستی ئەو حیجابە زۆرەملێیە هاتنە سەر شەقام و بە ساچمەی چەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وڵامیان درایەوە.

کەمتر لە دوو ساڵ دوای قەتڵی سیستماتیکی ژینا و سەرکوتی بەربڵاوی ژنان، لە تارانی پێتەختی سەرکوتکاریدا و لە هۆتێل ئێسپیناس پاڵاسی ئەم شارەدا، کچی ڕاوێژکاری سیاسیی عەلی خامنەیی لە ڕێوڕەسمێکدا کە داماڵراو لە هەموو باوەڕە ئیسلامییەکانی خۆیانە، ڕێوڕەسمی زەماوەندەکەی بەڕێوە دەبات و ساڵ و نیوێک دواتر و لە پاییزی ١٤٠٤دا ڤیدیۆکانی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاو دەبنەوە. جیا لە هەموو بابەتە جیاوازەکانی ئەم ڤیدیۆیە وەک تێچووی زۆری هۆتیلەکە و ئەو هەموو پارەیە کە خەرج کراوە، ئازادیی کچ و ژنەکەی شەمخانی و باقی میوانەکان لە پۆشێنی جلوبەرگ و دڵخوازبوونی حیجابەکەیان و باقی بابەتەکانی دیکە، پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئەم ڤیدیۆیە پێشتر و هەر لەو کاتەدا دزەی نەکرد؟ بۆچی لەو کاتەدا کە ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک خەریکی پاساوهێنانەوە بۆ کوشتنی ژینا و سەدان کەسی دیکە بوو ئەم ڤیدیۆیە بڵاو نەکرایەوە تاکوو تووڕەیی خەڵک زیاتر پەرە بستێنێ و بە یەکجاری ئەم ڕێژیمە بڕووخێنن؟

بابەتێکی دیکە تایبەت بوونی ڕێوڕەسمەکە و کەمیی ژمارەی بەشداربووانە، ئەمە نیشانەی بچووکبوونی بازنەی پێوەندییەکان یان باشترە بڵێێن بازنەی کەسە متمانەپێکراوەکانی بنەماڵەی شەمخانی بووە؛ لەم ڤیدیۆیەدا خاڵێک سەرنجڕاکێشە، هەبوونی مۆبایلەکان بۆ فیلم هەڵگرتنەوە و هاوکات ئەو کامێرایانەی کە بە شێوەی فەرمی خەریکی تۆمارکردنی ڕێوڕەسمەکەن، سەرنجدانێکی زۆر ئاسایی گۆشەنیگای کامێراکان دەریدەخات ئەو کامێرەوانەی کە ڤیدیۆکەی بڵاو کردووەتەوە زۆر بە ئاسانی دەبینرێتەوە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەردەکەوێ کە کێ ئەم ڤیدیۆیەی بڵاو کردووەتەوە. لێرەدا ئەم پرسیارانە دێنە گۆڕێ کە ئاخۆ ئەو کەسە کە لە بازنەی کەسە متمانەپێکراوەکانی شەمخانیشدا بووە لە ئێراندا نەماوە، یان نا لەوێ ماوە و بە پشتبەستن بە کەسانی دیکە کە ئەچنە بەرەی ئەویترەکانی شەمخانی و کەسە نزیکەکانییەوە ئەم ڤیدیۆیەی بڵاو کردووەتەوە؟ کەسانێک کە ڕەنگە ڤیدیۆ و بەڵگەی زۆر گرینگتر لەمەیان نەک تەنیا لە شەمخانی کە لە بازنەی داخراوی شەمخانی و لەسەر زۆر پرسی گرینگ لەبەر دەستدا بێت و وەکوو کارتی گوشار کەڵکی لێ وەربگرن. ئایا ئەم ڤیدیۆیە ئامانجدار بڵاو بووەتەوە و باسەکە پێوەندیی بە ئاڵۆزی و گرووپ بەندییەکانی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە یان نا بەئەنقەست و بۆ گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگە لەپێناو درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتدارێتییەکەیانە؟

بەپێی زانیارییەکان، ئەم ڕێوڕەسمە ڕۆژی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا بووە، واتە ساڵێک پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و لە گەرمەی پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر پرسی حیجاب و هێنانەئارای دەیان گەڵاڵەی شکستخواردوو بۆ ئەم پرسە؛ لەکاتێکدا کە هێشتا کۆماری ئیسلامی خەریک بوو لەگەڵ درەنجامەکانی شۆڕشی ژینا دەست و پەنجەی نەرم دەکرد و بە سەرکوتی خەڵک و بەتایبەت ژنان، پرسی حیجابی وەک گرینگترین کۆڵەکەی مانەوەی ڕێژیمەکەی وێنا دەکرد، لە هەمان کاتدا ڕێوڕەسمێک لە قووڵایی تارانی پێتەختی هزری ئیدئۆلۆژیکی ئەم ڕێژیمەدا، لەلایەن بنەماڵەی شەمخانی کە دەبیری شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیمە بەڕێوە دەچێت.

ڕەنگە لێکدانەوەکان بۆ ئەم بابەتە جیاواز بن، لەلایەکەوە شکاندنی نۆرمەکانی کۆمەڵگە کە خودی ئەم دەسەڵاتدارانە بۆ خەڵکیان پێناسە کردوون و لادان لەو پرسە کە ئەگەر نەگەڕێینەوە بۆ ڕووداوەکانی سەردەمی بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لانیکەم لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، وەکوو یەکێک لە گرینگترین کەڵکەڵەکانی خودی ڕێژیم چاوی لێ کراوە و لەلایەکی دیکەشەوە درزی نێوان مۆرە سەرەکییەکانی ڕێژیم و بڵاوکردنەوەی بەڵگە لەسەر یەکتر! بەڵام بابەتێکی تر کە گرینگیی هەیە، ڕووداوەکانی چەند مانگ پێش ئێستان! ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و بە لەنێوچوونی بنکە ناوکییەکان و کاراکردنەوەی مێکانیزمی ماشە، ئێستا کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی قەیراناوی‌دایە؛ لەگەڵ ئەمەشدا، بەداخەوە لە ناوەند بە پێچەوانەی باقی جۆغرافیای ژێر دەسەڵاتی ڕێژیم، پرسی حیجاب لە پرسی نان و مان گرینگترە و ئەوەندە پێداگری لەسەر ئەم پرسە دەکرێ، پرسی ئازادی گرینگیی پێ نادرێ، بۆیە ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیەش، هەوڵی ڕێژیم بۆ گۆڕانکارییەک لە چوارچێوەی حیجابی داسەپاودا بێت تاکوو لە ئەگەری دەسپێکردنەوەی شەڕدا، خۆی لە مەترسیی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان بپارێزێ.