کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕێژیمی تاراندا بەردی مەزاریش بوو بە قیستی

11:33 - 3 خەزەڵوەر 2725

لەکاتێکدا نەداری و هەژاری بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە و توانای کڕین بۆ زیندووەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە کڕینی پێداوسیتیی ڕۆژانەی ژیاندا ماونەتەوە، دەبێت خەڵکی ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە خەمی کێلی گڵکۆ و پاش مردنیشدا بن.

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاینـ"ـی سەر بە ڕێژیم ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئێران تێچووەیەکی زۆر بەمەبەستی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و کڕینی کێلی گڵکۆی دەستی دوو بە شێوەی قیستی خەرج دەکەن.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە زۆرێک لەو کەسانەی هەنگاویان بۆ کڕینی کێلی گڵکۆ هەڵهێناوە بەهۆی گرانیی گڵکۆی نوێوە، کێڵی قەبری دەستی دوو دەکڕن و ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی گرانییەوە ئەوەش هەر بە قیستی بۆیان دەکڕدرێ.

لە ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕەی ڕێژیمدا بە ئاماژەدان بە گرانی، هەڵاوسان، کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک و داهاتی کەمی زۆربەی خەڵکی ئێران نووسراوە: "ئەو هۆکارانە لە سەرەکیترینی ئەو هۆیانەن کە بنەماڵەکان لە ئێراندا سەرەڕای کێشە و گرفتی زۆر بۆ دابینکردنی پێداویستییە گرینگەکانی ڕۆژانەیان، گڵکۆکانیشیان بە شێوەی قیستی بکڕن".

زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕەی ڕێژیم دەرخەری ئەوەیە لە هەندێک شاری ئێراندا کڕینی کێلی گڵگۆ پێویستی بە زامن هەیە و قیستی کێلی گڵکۆکانیش لە دوو مانگەوە دەست پێ دەکات هەتا شەش مانگ.

شایانی باسە پێشتریش بەهۆی گرانیی شوێنی ناشتنی مردوو لە ئێران، دیاردەی ناشتنی چەند مردوو لە قەبرێکدا پەرەی سەندبوو و بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆیان بە پێڕەوی ئایینی ئیسلام دەزانن نەک هیچ ڕێگرییەک لە وەها دیاردەیەک ناکەن بەڵکوو خۆیان هۆکاری سەرهەڵدانی وەها دیاردەیەکن.

ئەو دیاردەیە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و خومەینی بەتایبەتی لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمەوە باسیان لەوە دەکرد کە خەڵکی ئێران دەگەیەنن بە جێگە و پێگەی مرۆڤایەتی تاکوو خەمی ئاو و نان و کارەبایان نەبێت و لە ئیستادا خەڵکی ئێران نەک خەمی ئاو، نان و کارەبا و سەدان خەمی دیکەیان هەیە، بەڵکوو دەبێت خەمی مردن و پاش مردنیشیان هەبێت.