کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد گۆڕدرا

11:39 - 22 جۆزەردان 2724

چەند ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی پشتڕاستکردنەوەی حوکمی ئێعدامی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، کەسایەتیی ئایینی سونە مەزهەب و لە دەسبەسەرکراوانی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە ئەو حوکمە بۆ زیندانیکردن گۆڕدراوە.

دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ، پاییزی ساڵی ١٤٠٢  بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض، هەوڵدان دژی ئەمنییەت میللی و تەبلیغ دژی ڕێژیم" حوکمی لەسێدارەدان و وێڕای ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەر مەلا محەممەد خزرنژاددا سەپاندبوو.

ناوەندە مافی مرۆییەکان ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، رایانگەیاندبوو کە حوکمی ئێعدامی ناوبراو لە لایەن دیوانی باڵای ڕێژیم پشتڕاست کراوەتەوە.

بەڵام هەواڵدەریی "میزان" سەر بە دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندووە کە حوکمی لەسێدارەدانی مەلا محەممەد گۆڕدراوە بۆ زیندانیکردن.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و هاوکات لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆی دەسبەسەر کرا.

ناوبراو بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و دژی خۆی کراوە، کوڕەکەی لە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کرا.