کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە فینلاند

11:17 - 13 جۆزەردان 2724

ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان لە شاری هێلسینکی بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە بە بەشداربووان ڕاگەیەندرا و دواتر سەیدئەحمەد حوسێنی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب باسێکی لەسەر هەلومەرجی ئێستا و ئەو گۆڕانکارییانەی کە هاتوونە ئاراوە پێشکەش کرد.

 ناوبراو وێڕای باسکردن لەو دەرفەتانەی کە بۆ کورد هاتوونەتە پێش، باسێکیشی لەسەر کەمایەسییەکانی ناو بزووتنەوەی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان کرد، وەک هەمیشەش پاڵپشتیی بۆ کاری هاوبەشی نێو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی نیشتەجێ لە فینلاند دەربڕی.

لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری حیزبەکانی بەشدار سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان هێنایە بەر باس و هەموو لایەک بە گرینگیەوە باسیان لە هاوکاری و هاوئاهەنگیی بەردەوام لەنێو کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی لە فینلاند کرد.

شایانی باسە هەئیەتی حیزبی دێموکرات پێک هاتبوو لە: ئەحمەد حوسێنی، کەرەم یووسفشاهی، عەلی مورادی و کەریم ڕەسووڵی.

کۆبوونەوەکە بە پێداگری لەسەر کاری هاوبەشی حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی لە فینلاند کۆتایی هات.