کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی جێژنی قوربان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
جێژنی قوربان، بۆنەی پیرۆزی موسوڵمانانی جیهان، لە سەرجەم خەڵکی ئیماندار و باوەڕمەندی کوردستان و ئێران پیرۆز بێت.
مخابن، لە کاتێکدا جەماوەری موسوڵمانی کوردستان و ئێران یادی ئەم بۆنە پیرۆزە دەکەنەوە کە حکوومەتێکی سەرەڕۆ، لە ژێر ناوی ئایین و ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیه، ماف و کەرامەتی موسوڵمانان و پەیڕوانی ئایینەکانی دیکەش پێشێل دەکات. ئەنجامی حوکمڕانیی ئەم دەسەڵاتە دژەمرۆییە، زەبروزەنگ و سەرکوتی هەمەلایەنەی ئازادیخوازان و زەوتکردنی مافی ژیان بووە. بۆیە پێویستە هەموو نەتەوە بندەستەکان و ئازادیخوازان، ڕیزەکانی خەباتی خۆیان دژی ئەم ڕێژیمە، بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە چەوساندەوە پتەوتر بکەن.
جێژنتان پیرۆز!
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣