کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانیکەم ٦٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤

12:02 - 13 جۆزەردان 2724

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم سزای سێدارەی ٦٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤دا لانیکەم سزای سێدارەی ٦٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مانگی مەیدا لانیکەم سزای سێدارەی ٢٥ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە کە بەرانبەر بە ٣٧ لەسەدی سەرجەم حاڵەتەکانە، هەروەها لەو مانگەدا ١٥ بەندکراوی تورک، ٥ بەندکراوی بەلووچ و ٣ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە سێدارە دراون.

لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی چوار ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە بەندیخانەی پارێزگای ورمێ بووە کە لەو مانگەدا ١٣ حاڵەت جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە بەندیخانەکانی ئەو پارێزگایەدا تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو ئامارە ٢حاڵەت بە تۆمەتی سیاسی و ئایینی،  ٢٦ حاڵەت بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست،  ٣٨ حاڵەت بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ١ حاڵەتیش بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بووە.