کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی دادگای وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی لە تاران

18:57 - 28 جۆزەردان 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردان یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی و دووەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی پەخشان عەزیزی لە دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ،وریشە مورادی، دوێنێ بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی دادگادا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران کرا. یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە لە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەدا بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەری دووهەمەوە هەڵوەشێندرابوو و دواخرابوو بۆ کاتێکی تر.

ئەم ژنە چالاکە کە پێشتر لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تارانەوە تۆمەتی «بەغی»ی وەپاڵ درابوو، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ڕابردوودا مۆڵەتی وڵامدانەوە و بەرگریکردنی پێ نەدرابوو و دادوەرکەی ئەبولقاسم سەڵواتی تەنانەت مۆڵەتی بەرگریکردنی بە پارێزەرەکانیشی نەدابوو.

هەروەها دوێنێ  دووەم کۆبوونەوەی دادگای پەخشان عەزیزییش لە لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئیمان ئەفشاری» بەڕێوە چوو. یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنە چالاکە لە ڕێکەوتی ٨ی جۆزەرداندا هەر لەم دادگایە بەڕێوە چووبوو.

پەخشان عەزیزی ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.

ئەم چالاکە کوردە کە بە درێژایی ماوەی دەسبەسەربوونی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە، ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢  لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

هەروەها وریشە مورادی، خەڵکی سنە لە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە کاتی گەڕانەوە لە شاری کرماشاندا بۆ سنە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەسبەسەر کرابوو.

شایانی باسە وریشە مورادی لە مانگێک لەمەوپێشەوە بە دەستووری دادوەر سەڵواتی لە مافی پێوەندیگرتن و دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە و ڕۆژی ٢٥ی بانەمەڕ هەر بە دەستووری دادوەر سەڵواتی، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گوازرابوویەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین و دوای ٣ ڕۆژ گەڕێنرابوویەوە بۆ هەمان بەند. وریشە و پەخشان عەزیزی وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.