کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا/ دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ سیناتۆرێکی ئوسترالیا

19:06 - 30 جۆزەردان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی جۆزەردان، سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ سێناتۆر پۆڵ سکار، سێناتۆری پایەبەرزی حیزبی لیبراڵی ئوسترالیا کە بەرپرسی لێژنەی پێوەندیییە نێودەوڵەتییەکان و ئەمنییەتی گشتیی ئوسترالیایە لە شاری بریزبن کۆ بووە.

سەرەتا سەلاح پورئەسەد باسی لە تێروری دوکتور قاسملوو ڕێبەری و  سکرتێری پێشوی حیزبی دێموکرات کرد کە ٣٥ ساڵ لەوە پێش بە دەستی دیپڵۆمات تیرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئوتریش ئەنجام درا و بەڕێوەبەرانی ئەو کارەساتە بێ لێپێچینەوەی یاسایی ناردرانەوە ئێران.

هەروەها سەلاح پورئەسەد باسی ئەوەشی کرد کە چەند ڕۆژ پێش ئیستاش حەمید نووری بکوژی هەزاران کورد و ئێرانی پاش دادگاییکردن و مەحکوومکرانی لەلایەن دەزگای قەزایی سویدوە، دەوڵەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە ئێران گرتبوونی گۆڕدرانەوە. بۆیە پێویستە وڵاتانی ڕۆژاوایی نەکەونە داوی ڕێژیم کە بتوانێت کارئاسانی بۆ تێروریستەکانی بکات.

سێناتۆر پۆڵ سکار، وێڕای بەداخبوون لە هەر دوو کارەسات باسی ئەوەی کرد ئوسترالیا تا ئەو جێگای ئیمکانی هەبێت دژی ئەو بیرۆکەی ڕێژیمی ئێران دەوستێتیتەوە و ڕێگا نادات ئەو سەودا قیزەونە بە ئاکام بگات و ئامادەیی خۆی دەربڕی لەسەر ئەو مەسەلانە باس لە گەڵ کاربەدەستانی حکوومەت بکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەلاح پورئەسەد ڕاپورتێکی وردی  لەسەر ڕادەی گیراوانی کورد، ئیعدامکراوەکان و کۆڵبەرە کوژراوەکان و ئەو پێشێلکارییانەی ڕێژیم دەرحەق بە گەلی کورد لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ئەنجام دراون  پێشکەش کرد.

سێناتۆر سکار، وێڕای مەحکومکردنی کردەوەکانی ڕێژیم باسی ئەوەی کرد کە لە کۆبوونەوی لێژنەکانی سێنادا دۆخی ئێران و گەلی کورد و ئەو پێشێلکارییانە دەخرینە بەرباس.

سێناتۆر پۆڵ سکار باسی ئاژاوەگێڕییەکانی سپای پاسداران و کردەوە تێروریستیەکانی گرووپەکانی سەر بە سپای پاسداران لە وڵاتە جۆراجۆرەکان کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا بێنە سەر کار، سپای پاسداران دەخەنە ناو لیستی تێرورەوە.