کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: خەباتی حیزبی دێموکرات خەباتێکی چریکیی دە پازدە کەسی نییە، خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیەک بۆ مافەکانیەتی

19:25 - 31 جۆزەردان 2724

خالید عەزیزی:

خەباتی حیزبی دێموکرات خەباتێکی چریکیی دە پازدە کەسی نییە، خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیەک بۆ مافەکانیەتی

 

ئاماژە: کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی فارسیی "کوردکاناڵ" سەبارەت بە چەندین پرس و بابەتی تایبەت بە حیزبی دێموکرات و تێڕوانینە جۆراوجۆرەکانی ئەم حیزبە قسەی کرد کە سەرنجتان بۆ پوختەیەک لە پرسیار و وەڵامەکانی ئەم دیمانەیە ڕادەکێشین:

بەڕێز عەزیزی، ئێستا لە دنیادا باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، ڕوسیە و ئوکراین هەیە، دەور و کاریگەریی ئێران لەسەر ئەو کێشە و شەڕانە چۆنە؟

لە جیهانی ئێستادا دوو شەڕی گەورە و ڕاستەوخۆ لە ئارادایە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و، ئوکراین و ڕووسیە. دەوری ئێڕان لەو دوو شەڕانەدا جیاوازییان هەیە، لە پێوەندی دەگەڵ فەلستین و ئیسرائیل، ڕێژیم هەوڵی داوە بە ڕێگای هێزە نیابەتییەکانیەوە کاریگەریی هەبێ و جێگە و پێگەی ئیسرائیل لاواز بکات، بەڵام ئێران لەوەدا براوە نابێت. چوونکە کاتێک باس دێتە سەر دیالۆگ و دانیشتن بۆ چارسەری کێشەکە ئیدی ئێران ڕۆڵی نامێنیت و وەدەنرێت. بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییەش بزانین کە ڕێژیم دەیهەوێ لە ناوچەکەدا دەوری زلهێزێک بگێڕێ و هەر لەم پێوەندییەشدا ڕاستەوخۆ چووەتە بەرەی ڕووسیە دژ بە ئۆکراین، جا بەو حاڵە من پێم وانییە ئێران وێڕای هەموو ئاژاوەنانەوەکانی براوەی ئەو شەڕانە بێت.

ئێوە وەک وتەبێژی "حدکا" ڕێگا چارەی خەبات بە دژی ئەو ڕێژیمە لە چیدا دەبینن؟

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کۆماری ئیسلامی ئێڕان کارت‌گەلێکی زۆری بۆ یاریکردن هەیە و بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی بە تایبەت لەناوخۆ دەتوانێت کەڵکیان لێ وەربگرێت، یەکێک لەو کارتانەی ڕێژیم بەرنامەی ناوکییە. من لەسەر ئەو باوەڕەم خۆ ئەگەر بۆمبی ئەتۆمیشی هەبێ ناتوانێ وا بەهاسانی بە دژی ئیسرائیل کەڵکی لێ وەربگرێت، کەواتە لەم پڕۆژەیە وەک کردەیەکی بەرگر و بەرگێڕەوە دەڕوانێت و لە یارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کەڵکی لێ وەردەگرێت. یان کەڵک‌وەرگرتن لە هێزە نیابەتییەکان بۆ کێشە و ئاژاوەنانەوە بە مەبەستی وەرگرتنی ئیمتیاز و بڵاوکردنەوە هەژمۆنیی خۆی. من پێم وانییە هیچ شەڕێک لە نێوان ئێران و ئیسرائیل یان ئەمریکا و هەر وڵاتێکی دیکە ڕوو بدات و ئەوەی هەیە کاردانەوە لە بەرامبەر هەڵویستی یەکترە کە ئەمە تەنانەت لە بەستێنی دیپڵۆماسیشدا لەو ٤٥ ساڵە بینیومانە. ئەوەی کە گرنگە و دەتوانێ شوێندانەر بێ خەباتی خەڵکی نێوخۆی ئێران و دانانی جێگرەوەیە بۆ ئەو ڕێژیمە.

ماتەوزەی ڕووخان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئۆپۆزسیۆن لە چ قۆناغێک‌دان؟

یەکێک لە فاکتۆرە هەرە گرینگەکان، پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، بۆ؟ چوونکە کۆماری ئیسلامی لەوێدا کێشە خوڵقێنە، لەبەر شەڕی ئۆکراین و ڕەوشی تایبەتی جیهان، ئێستا چەند جەمسەری زاڵە و وا بەهاسانی ناتوانن بە دژی ئێران کۆک بن، کەواتە جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر ئەو ڕایە کە دەبێ خەڵکی نێوخۆ بیانهەوێ ئەو ڕێژیمە بگۆڕن، چاوەڕوانی ڕووخانی ڕێژیم بە شەڕ لەلایەن هێزی دەرەکییەوە کە زیاتر میدیا فارسەکان پڕۆپاگەندەی بۆ دەکەن، خراپە. دەبێ هەموو هێزمان نەتەوەکانی ئێران بێ و هەوڵ بۆ یەکیەتی و یەکگرتوویی و لە هەمووی گرنگتر درووستکردنی ئاڵترناتیڤ بدەین.

ئایا دەکرێ ئەو ڕێژیمە بە هێزی نێوخۆ بگۆڕدرێ؟ ئێمە لە بزووتنەوەی ژینادا دیتمان کوردستان، بەلوچستان و گیلان و زۆر شوێنی دیکەش هاتنە سەر شەقام؛ یان لە ڕەوتی نەورۆز لە ئیلامەوە هەتا ماکۆ خەڵک بە یەکگرتوویی و یەکێتی خۆیان سەلماند بەڵام مەزن‌شارەکان هەڵوێستی ئەوتۆیان نەبوو و زۆر بە کەمی بەشداربوون.

دەکرێ بە چەند گۆشەنیگاوە بڕوانینە ئەو پرسیارە، گۆڕان و ڕووخانی ڕێژیم هەر تەنیا بە خۆپێشاندان و درووشم و تووڕەیی ڕوو نادات، دەبێ ڕێکخستن، هاوئاهەنگی و بەرنامە و پلانی سیاسیت بۆ دواڕۆژ هەبێ، بزووتنەوەی ژینا بەتایبەت لە کوردستان جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند هەتا مەزن‌شارەکان بەتایبەت تاران نەیەتە نێو گەمەکە ئەگەری لاوازە ئەو ڕێژیمە تێک‌بچێت. ئێمە وەک کورد هەتا ئێستاشی دەگەڵ دابێ بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەدەری ئەو ڕەوت و خەباتە بووین و وەک هێمایەکمان لێ هاتووە. بەخۆشییەوە بەبەراورد لەتەک جاران بەردەنگی زۆریشمان لە دەرەوەی کوردستان بۆ پەیدا بووە. بەهەرحاڵ گۆڕانی سیستەم زۆرتر بۆ عەقڵانیەتی ئەو ڕێژیمە ناگەڕێتەوە بەڵکوو پەیوەستە بەوهەمووە کێشە و قەیرانانەی چ ئیستا و چ لا داهاتوودا دەیبێ.

بۆچی بزووتنەوەکە پەلی نەهاویشتە مەزن‌شارەکان؟ ئایا هەڵسوکەوتی خۆشبینانەی میدیاکانی لەندەن و واشنتۆن بوو؟ ئایا ئەو فۆبیا و ترس لە کوردستانە کە درووستیان کردبوو دەیهەویس لەنێو بچێ؟ یان تاقمێک بە دیاریکراوی "پەهلەوی" ڕەوتی بزووتنەوەی ژینایان گۆڕی؟

کاتێک خەڵک دەڕژێنە شەقامەکان و درووشم دەدەن لەوە بەدواوە ئیدی دەبێ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بێنە مەیدان و کاری خۆیان بکەن بە کورد و غەیرە کوردەوە، پێم‌وابێ هەموومان غافڵگیر بووین، یان ئەو بەشە ئۆپۆزسیۆنەی لە دەرەوەن ئێستاش لە پرسی کورد، خەبات و مافەکانیان تێ‌ناگەن، ئەوانەی دیکەش نەیاتوانی پردێکی پێوەندی لەنێوان ئەو دوو ڕەوتە لێ بدەن. ئاکاری توندئاژۆیانەی ڕەوتی سەڵتەنەت و تەواویەتخوازی و تاك‌ڕەوی و خۆپەرستیان وایکرد ئەو یەکیەتی و یەکگرتووییە نەیەتە دی. لە درێژەی ئەمەشدا و هاوتەریب ڕێژیم سەرکردایەتیی بزووتنەی کوردی مووشەکباران کرد بەتایبەت حیزبی دێموکرات. ئەوان لە درێژەی ئەو هەڵوێستانەی پاشاخوازەکان خەریک بوون حیزبی دێموکراتیان بەو وڵات و لایەنانە دەبەستەوە کە پاساوێک بێ بۆ لێدان و لەنێوبردنیان بەتایبەت لەبەرچاوی خەڵکانی دیکە کە ڕەنگبێ کاریگەریشی هەبووبێ. کەواتە یەکیەتی نەک نەبوو بەڵکوو دژایەتیی ڕەوتێکی ڕادیکاڵیش بوونی هەبوو و بەداخەوە ئیستاش ئەو نزیکایەتییە ڕووی نەداوە، کەواتە بزووتنەوەیەک کە لە کوردستان چەخماخەی لێ دراوە خۆش خۆش ناگاتە شارە گەورەکان. ئێمە لە کوردستان بە زیادەشەوە کاری خۆمان کرد و سەلماندمان چوونکە ئێە ڕابردوویەکمان هەیە لە ڕێکخستن، سیستەمی حیزبی، کاروچالاکیی سیاسی، ئەوە لەحاڵێک دابوو لەنێو بەشەک لەو خەڵکانەی دەرەوە تەنانەت باسی نەمانی سیستەمی حیزبیان دەکرد! لە کاتێکدا لە دێموکراسی و وڵاتانی ئازاد ئەوە حیزبەکانن حکومەت پێکدێنن و کار دەکەن، واتە کۆمەڵگەی بەتایبەت ناوەند خەریکە پاشەکشە دەکاتەوە لە نۆڕم و بایەخە جیهانییەکان و بەرەو سلبریتی و تاکەکان دەچێ کە ئەمە لاوازی کولتووری لە نێو ڕەوتە سیاسییەکانی ئێران نیشان دەدات، هیوادرام لە داهاتوودا ئەو دیاردانە نەمێنن و ئەوانیش فێری کاری ڕێکخراوەیی و دێموکراسی بن.

ئایا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دۆستانی ئۆپۆزسیۆن زیاترن یان هی ڕێژیم؟ دەبینم ئێوە وەک "حدکا" لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپا بوونتان هەیە و چالاکی دەکەن و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دا بەشدران وەک کۆنگرەی ئەنتەرناسیۆناڵ سۆسیالیست.

سەرەتا دەبێ ئێمە زانیارییەمان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەبێ، هەموو ئەمانە پێویستییەک بوون بۆ پاراستنی تەناهی جیهان و هەموو وڵاتانیش لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک ناوەندێکی جیهانی بەدوای بەرژەوەندییەکانیاندا دەگەڕێن. ئەگەر پێمان وابێ دەبێ وڵاتانی دیکەش وەک ئێمە چاو لە ئێران بکەن و بەرژەوەندییەکانیان لەبەر ئێمە و لەسەر خواستی ئێمە هەڵبچنن ئەوە هەڵەین، چوونە نێو ئەو بازنەیە کارێکی هاسان نییە و گۆڕینی ڕێژیم لەبەر دڵی ئێمە بەو تایبەتمەندییە سیاسی و جوگرافیاییەی کە ئێران هەیەتی چاوەڕوانییەکی بەجێ نییە. لەلایەکی دیکەشە کۆماری ئیسلامی خەڵک لە بەسووریەکردن دەترسێنێت و ئەو وێناکردنە خەڵکمان لێ دەپرینگێنێتەوە، جا بەو هۆکارانە دۆستی ڕێژیم وەک دەوڵەتێک لە ئێمە وەک ڕێکخراوەکان زۆرترە. یان لە ئاستی حیزب و ڕەوتە چەپەکانی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیدا ئەوەی ڕاستی بێ زۆرترینیان دەگەڵ ڕێژیمن چوونکە هەردووکیان بەرە دژی ئەمریکان. لە دوایەمین دانیشتنی ئینترناسیۆنال سۆسیالیستدا کە منیش بەشدار بووم بە تەواوەتی بۆم دەرکەوت تەنانەت لەوێدا ئەو ڕەتە چەپانە زۆر مەیلیان بۆلای ڕێژیم هەیە ئەوە لە حاڵێکدابوو د. شەڕەفکەندی کە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە بوو کاتێک لەو کۆبوونەوەیە چووە دەر لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانییەوە تیرۆر کرا؛ بەڵام ئەوان هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نەبوو بەداخەوە. قسەکانی من لەو کۆڕەدا پێشوازی لێ نەدەکرا، ئەوە نییە وڵاتانی چەپی وەک کۆرۆی باکوور، چین، کوبا ڕووسیە کە بەڕواڵەت چەپ و کۆمۆنیستین هاوڕێی ڕێژیمن جا چۆن دەگەڵ ئێمە دەبن کاتێک ئێمەش خۆمان پێ حیزبێکی ئایدۆلۆژیک و سەر بە ئیزمەکان نازانین و نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکی دەکەین بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و مافی نەتەوایەتیمان، بەڵام بەبەراورد لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە زیاتر گوێمان لێ ڕادەگیرێ.

جۆرج تاون چی بەسەر هات؟ جەنابت لەو دوایانەدا لە کۆڕی کۆماریخوازەکاندا بەشدار بووی و قسەشت کرد، باسێکمان لەسەر ئەوە بۆ بکە.

ئێمە دەزانین لە ئێراندا هیچکات دێموکراسی بوونی نەبووە و هەر بۆیە پێک هەڵکردن زۆر سەخت و دژوارە. ڕەوتی چەپ و ڕاست و ئیسلامی و ... لە نێو ئۆپۆزسیۆندا بوونیان هەبووە و هەیە بەڵام هیچکات لە کەشێکی دێمۆکراتیک دا پێکەوە تەنانەت کاریشیان نەکردوە و بەردەوام دژایەتیی یەکتریان کردوە. لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا بەکردەوە دیتمان لەلایەک مەنشووری جۆرج تاون کە زیاتر کەسایەتی و تاکەکان بوون و لەبەرامبەریشدا ڕەوت و ڕێکخراوەکانی دیکە هەڵکەوتبوون، لە ڕاستیدا ئەو جاڕنامەیەدا تەنیا یەک براوەی هەبوو ئەویش ڕەزا پەهلەوی بوو، بۆ؟ چوونکە لەو دەرفەتە لە میدیا فارسەکان کەڵکی وەرگرت و خۆی زیاتر بەڕۆژ کردەوە و ناساند، کاتێک دەگەڵ میدیایەکی فارسی یان ئینگلیسی قسەی دەکرد خۆی وەک کەسێکی لیبڕاڵ و دێموکرات پێناسە دەکرد و باسی سیستەمی وەک پاشایەتیی بریتانیا و سۆئێدیشی دەکرد وەک وێنەیەکی باش بۆ دوارۆژی ئێران، بەڵام هەر خێرا دوای قسەکانی لایەنگر و دارودەستەکەی بە توندترین شێوە هێرشیان دەکردە سەر هەموو لایەنەکان جگە لە خۆیان. بەتایبەت هەوڵیان دەدا بزووتنەوەی کوردستان ناشیرن بکەن، و وایان دەرخواردی خەڵک دەدا کە ئەگە ئەوان نەبن ئێران لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە و کوردستان جیا دەبێتەوە کە هەموو ئەمانە ناڕاست بوون و بووە هۆی نایەکگرتوویی و نەبوونی یەکیەتی و لێکترازان. تەنانەت کاتێک کار دەکرا بۆ ئەوەیکە لە ئاستی ئورووپادا سپای پاسداران بکەوێتە لیستی تێرۆرەوە پەهلەوی بە جۆرێک دژایەتیی کرد. ئێمە وەک "حدکا" هەوڵمان ئەوە بووە دژی هیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم نەبین و هەوڵمان داوە دەگەڵ لایەنەکانی کۆماریخواز پێوەندیمان هەبێ و پێکەوە لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا کار بکەین.

کاک خالید بۆچی بۆ ناوخۆی وڵاتی ئێران ناگەڕێنەوە و دەگەڵ ڕەوت و کۆمەڵگەی دەستەبژێری ئێرانی کار ناکەن؟

فەلسەفەی دامەزراندنی حیزبەکەمان لەسەر کۆمەڵگەی نێوخۆ بووە، ئێمە هیچ کات پێوەندیمان دەگەڵ ناوخۆ نەپچڕاوە تەنانەت لە کاتە هەرە ناخۆش و دژوارەکانیش، پێوەندیی ئێمە و خەڵک کە لە دڵی ئەوان هەڵقوڵاوین زۆر باشە دروشمەکانی ئەم دواییانەش ئەوە دەردەخات و باشترین کاریش دیسان ئەوەیە ئێمە بتوانین دەگەڵ ناوخۆ زیاتر کار بکەین و پێوەندییەکانمان بەتایبەت لە مەزن شارەکان زیاتر بکەین و ئەو خەڵکە دەگەڵ مافە ڕەواکانی گەلی کورد ئاشناتر بکەین، خۆ قسەکردن لە میدیاکان زۆر هاسانە بەڵام دەبێ بە کردەوە بچینە ناخی کۆمەڵگەی ناوەند و پرسی خۆمان لەوێ جێ بخەین.

هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران چۆن دەبین و ئەزموونتان لە سەردەمی ڕەئیسی چ بووە؟

لە سەردەمی ئەودا سێدارە، گرتن، ئەشکەنجە و هێ گرتنی زیاتری مافیای ئابووری سپای پاسداران خێرا بەرەو هەڵکشان دەچوو. بەڵام هەڵبژاردن هەمیشە لەلایەن ڕێبەری نیزامەوە بە شێوەی جۆراوجۆر کەڵکی لێ وەرگیراوە و هەموولایەکیشمان ئەوە دەزانین سەرۆکومار لە ئێران هەموو شتی بەدەست نییە و لەو کەرەسەی هەڵبژاردن بۆ سەرپۆشدانان لەسەر ئەو هەمووە کێشە و قەیرانە کەڵەکە بووانە کەلک وەردەگرن. ڕەنگبێ بۆ گەرم کردنی بەشداری خەڵکیش بێ بیانهەوێ جۆراوجۆرییەک ساز بکەن بەڵام بەشێویەکی گشتی ناتوانێ کارێکی ئەوتۆیان بۆ بکات.

کاک خالید هەموولایەک دەزانن "حدکا" یەکەمین و گەورەترین حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئامانجی مافەکانی گەلی کوردە و نەمر قازی محەممەدیش وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان بوونە هەموو ئەمانە باس لە نەتەوەیی بوونی ئەو حیزبە دەکات بەڵام ڕەخنەیەک لەلایەن جیلی نوێ لە حیزب و بەتایبەت لە جەنابت هەیە کە لە میدیا فارسەکاندا زۆر نەرمی دەنوێنن و ئەوە لە ئاست گەورەیی حیزبی دێموکراتدا نابینن، وڵامی جەنابت چییە؟

بەڵێ من ئاگاداری ئەو ڕەخنانە هەم و زۆر سپاسی ڕەخنەگرانیشم دەکەم، جا چوونکە من لەبەر کارەکەم زیاتر دەگەڵ میدیا و ڕاگەیاندنەکان و لایەنەکانی ئێرانی سەروکارم هەیە، هەوڵ دەدەم زیاتر گرنگی و بایەخ بە ڕەخنەکان بدەم. فەلسەفەی دامەزرانی "حدکا" لە ٨٠ ساڵ لەمەوبەرەوە چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد بووە، خۆ ئەگە پرسی کورد نەبا حیزبی دێموکراتیش نەدەبوو. جا کەوایە ئێمە بۆیە دامەزراوین هەتا مافەکانی گەلی کورد وەدی بێنین و دەبێ لە پێناو وەدەست‌هێنانی ئەو مافانەشدا هەموو هەوڵێک بدەین، یەک لەو چالاکیانە ئەگە بە ناچاریش بێ پێوەندی دەگەڵ ڕەوت و لایەنی ناکوردییە بەتایبەت لە ناوەندە. لەسەردەمی پێشەوا و د.قاسملووشدا لەو ماتەوزەیە کەڵک وەرگیراوە و هەوڵیان داوە پێوەندیان دەگەڵ هەموو لایەک باش بکەن و دیالۆگ بکەنە پێوەر، ئێمە نە دژی فارسین نە دژی تورک. ئەو ڕەوتەی دژی گەلی کورد و خەباتەکەی درووشم دەدا و دەخوازێ بە تاکڕەوی و ڕادیکالیزم بە گژ ئێمەدا بێتەوە وایکردوە لەبەرامبەردا بەشێک لە لاوەکانی ئێمەش هەڵوێستی توندیان هەبێ و ئەمەش زۆر سرووشتییە جا ئەوە پەیامەکیشێ تێدایە کە ئەگە ئێوە ڕێز بۆ ویست و داخوازییە ڕەواکانی ئێمە دانەنێن لە دواڕۆژی ئێران دا ئێوەن دەبنە بەرپرسی سازکردنی کێشەکان. زۆرجار دەڵێن کوردەکان تەجزیەتەڵەبن؛ ئێوە تەجزیەتەڵەبن، ئەگە قەرار بێ تاران بۆ هەموومان سەرنجڕاکێش نەبێ و هیچ مافێکمان نەبێ چۆن دەبێ ئەوە قبوڵ بکەین؟ ئێمە دەبێ بە وتووێژ و پێکەوە کار کردن هەوڵ بدەین هەموولایەک تێبگەیەنین و لاوەکانیشمان لە خەبات بە دژی زوڵم و زورداری بەردەوام بن.

ئایا ڕێژیم توانیویەتی بەو هەموو ئەو گوشارانە بۆ سەر حیزبی دێموکرات، ئیرادەتان لاواز بکات؟ ئایا خەباتی پێشمەرگە بەردەوامە؟

دەزانن چۆنە، خەباتی حیزبی دێموکرات خەباتێکی چریکیی دە پازدە کەسی نییە کە چەکیان دەست دابێتێ و شەڕ بکەن، خەبات و تێکۆشانی یەک نەتەوەیە و ئێمەش بەرگریکاری ئەو مافانەی گەلی کوردین کە لە چوارچێوەی ئێراندا داوایان دەکەین. ئەو خەباتەش وێڕای هەموو مووشەکباران، تێرۆر، سێدارە و گرتن و ئازار و ئەشکەنجە، بەردەوامە و لە دواڕۆژیشدا هەتا وەدەست‌هێنانی مافەکانمان هەر درێژەی دەبێت.